ڕێوار ئاودانان، گوتەبێژی پژاک، لە کاردانەوەی داواکارییەکەی ئێران بۆ دەرکردنی "ئاگادارکردنەوەی سوور" (Red Notice) لەلایەن ئینتەرپۆلەوە، بە توندی شەرعییەتی یاسایی و سیاسیی حکومەتی تارانی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند:
"ئەو داواکارییەی ئینتەرپۆل کە دژی پژاک و پارتە کوردییەکانی دیکە تۆمارکراوە، لەسەر بنەمای کۆمەڵێک تۆمەتی هەڵچنراو و درۆ داڕێژراوە.
ڕژێمێک کە مافەکانی هاووڵاتیانی خۆی پێشێل بکات و بەردەوام بێت لە لەسێدارەدانیان، هیچ جۆرە شەرعییەتێکی نییە.
ئێمە بە تەواوی ئەم بڕیار و داواکارییانەی ئێران ڕەت دەکەینەوە."
گوتەبێژی پژاک جەختی لەوەش کردەوە کە تاران دەیەوێت دامەزراوە یاساییە نێودەوڵەتییەکان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی بەکاربهێنێت، بەڵام ئەم هەوڵانە ناتوانن شەرعییەت بدەنە تۆمەتە سیاسییەکانی دژ بە خەباتی گەلی کورد.