ڕاستەوخۆ

دەم پارتی لە چوار شاری باکووری کوردستان و تورکیا 'میتینگی ئازادی' ڕێکدەخات

reset font size increase font size

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان و پەرلەمانتارانی، ئامادەکارییەکانی بۆ ڕێکخستنی زنجیرەیەک گردبوونەوەی جەماوەریی بەرفراوان لەژێر دروشمی "بەرەو ئازادی لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکدا" گەیاندووەتە قۆناغی کۆتایی.

 پارتەکە لە ڕێگەی هەژمارە فەرمییەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا داوایەکی بەپەلە ئاڕاستەی تەواوی گەلان دەکات بۆ بەشدارییەکی کارا لەم میتینگانەدا کە بڕیارە لە چوار شاری گەورەی باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەبچن.

 خشتەی گردبوونەوەکان بە جۆرێک داڕێژراوە کە سبەی شەممە، 27ی حوزەیرانی2026، سەرەتای میتینگەکان لە شارەکانی وان لە باکووری کوردستان و مێرسین لە تورکیا دەستپێدەکات.

دواتر لە ڕۆژی یەکشەممە، 28ی حوزەیرانی2026، گرنگترین و گەورەترین گردبوونەوە لە مەیدانی ئیستاسیۆن لە شاری ئامەد ئەنجام دەدرێت و هاوکات لە شاری ئەستەنبوڵیش هاووڵاتییان بۆ هەمان مەبەست دەڕژێنە سەر شەقامەکان.

بەگوێرەی پەیامی فەرمی پەرلەمانتارانی دەم پارتی، ئامانجی سەرەکیی گردبوونەوەکەی ڕۆژی 28ی حوزەیرانی مەیدانی ئیستاسیۆنی ئامەد، دەنگهەڵبڕین دەبێت بۆ پرسی "ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان و دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیموکراتیانە بۆ پرسی کورد".

لایەنە ڕێکخەرەکان جەخت دەکەنەوە کە دەبێت ئەم مەیدانە بکرێتە سەکۆیەک بۆ یەکلاکردنەوەی داواکارییە نەتەوەیی و دیموکراتییەکان.

لەم چوارچێوەیەدا، ژنانی کرێکار و ڕەنجدەر لە باکووری کوردستان بە پەیامێکی تایبەت و بە زمانەکانی کوردی و تورکی پەیام بڵاودەکەنەوە و ڕایانگەیاندووە:

"ئێمە بە هێز، ڕەنج و تێکۆشانی خۆمانەوە، لە پێناو بەدیهێنانی ئازادی، یەکسانی و ژیانێکی شکۆمەدارانە دەنگی خۆمان بڵند دەکەن."

ژنانی ڕەنجدەر داوایان لە تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کردووە کە بە جۆش و خرۆش و یەکێتییەوە بەشداری لەم "میتینگی ئازادی"یەدا بکەن، بۆ ئەوەی پێکەوە دژی عەقڵییەتی پیاوسالاری و نادادپەروەری بوەستنەوە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.