نادیە موراد، هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، لە یادی ۱۲ ساڵەی جینۆسایدی ئێزدییەکان لەلایەن ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، ڕایگەیاند کە ڕەوتی بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانییان تاوەکو ئێستاش بە شێوەیەکی بەرچاو خاو و دواکەوتووە.
ئەم گوتانەی نادیە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هات کە ڕۆژی پێنجشەممە لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ، بە مەبەستی یادکردنەوەی کارەساتی ساڵی ۲۰۱٤ و هێرشی داعش بۆ سەر شنگال ڕێکخرابوو.
نادیە موراد لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای تێپەڕبوونی ۱۲ ساڵ، هێشتا کێشە بنەڕەتییەکانی وەک چارەنووسی ژنان و منداڵە ونبووەکان، ناسینەوەی پاشماوەی قوربانییان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان بێ چارەسەر ماونەتەوە.
ناوبراو ڕوونی کردەوە: "بۆ ماوەی ۱۲ ساڵە هەمان کێشە دووبارە دەکەینەوە. پێشکەوتن کراوە، بەڵام زۆر هێواشە؛ ئەم چاوەڕوانییە بەردەوامە بۆ خێزانەکان لە چادرەکاندا بووەتە شێوەیەک لە ئەشکەنجە."
جێی باسە لەو مەراسمەدا، خاوا عەلی، یەکێک لە ڕزگاربووانی دەستی چەکدارانی داعش، نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە هەندێک لە ئەندامانی پێشووی ئەو ڕێکخراوە پاش گەڕانەوەیان بۆ ئەوروپا بە ئازادی دەسووڕێنەوە، لە کاتێکدا قوربانییەکان هێشتا لە دۆخێکی نائارام و ترسی بەردەوامدا دەژین.
ناوبراو داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە پرۆسەی دادگاییکردنی تۆمەتباران بە بێ پچڕان بەڕێوەببات.