ڕاستەوخۆ

مەسرور بارزانی: چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا کلیلی ئاشتیی سەرتاسەریی ناوچەکەیە

reset font size increase font size

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیا عەرەبییەکان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان لە سەرەتای قەیرانەکانەوە بێلایەنیی خۆی پاراستووە و نەبووەتە بەشێک لە ململانێ سەربازییەکان، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، ڕووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرشی مووشەکی و درۆنیی بێ هۆکار بووەتەوە.

لەو دیمانەیەدا کە تیشکی خستە سەر دۆخی سیاسی، ئەمنی و ئابووریی ناوچەکە، مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە لایەن هەندێک گرووپی چەکدار و لە ناوخۆی ئێرانەوە ئەنجام دراون، کە بوونە هۆی زیانگەیشتن بە ژێرخان و گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی سڤیل، لە کاتێکدا هەرێم هەرگیز هەڕەشە نەبووە بۆ سەر دراوسێکانی.

سەبارەت بە دۆخی سەربازی و بنکەکان، بارزانی ڕەتی کردەوە بنکەی سەربازیی حەریر شوێنی مانەوەی هێزی ئەمریکی بێت و ڕایگەیاند کە ئەو بنکەیە ١٠ ساڵە بۆ تێکشکاندنی داعش بەکارهاتووە و لە ساڵی ٢٠١٧وە بە تەواوی چۆڵ کراوە و هیچ سەربازێکی تێدا نەماوە.

هەروەها پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ هەنگاوەکانی حکومەتی فیدراڵی لەپێناو کۆنتڕۆڵکردن و نەهێشتنی چەکی دەرەوەی دەوڵەت دووپات کردەوە.

لە تەوەرێکی تری قسەکانیدا لەبارەی ئابووری و کاریگەریی جەنگ لەسەر بازرگانی، ئاماژەی بەوە دا کە بەهۆی نائارامییەکان و داخستنی گەروی هورمز و پچڕانی هەناردەی نەوت، قەبارەی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە ڕێژەی ٧٠٪ دابەزیوە.

 جەختیشی کردەوە که پێویستە عێراق یاسایەکی هاوچەرخی نەوت و گاز دەربکات کە مافی سەرجەم پێکهاتەکان مسۆگەر بکات.

سەبارەت بە پەیوەندییە دەرەکییەکان و دۆخی ناوچەکە، بارزانی پەیوەندییەکانی هەرێمی لەگەڵ ئەنقەرە بە باش و بەهێز وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا کلیلی ئاشتیی سەرتاسەریی ناوچەکەیە، هەروەها پێشوازیی لە دیالۆگی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دەسەڵاتی دیمەشق کرد.

جێی باسە مەسرور بارزانی بە فەرمی ڕەتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.