لیژنەیەکی باڵای هاوبەش لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵدا، کە بە فەرمانی دیوانیی ژمارە 39 ناسراوە، خەریکی یەکلاکردنەوەی ڕووبەری زەویی نێو پلانی کشتوکاڵی بۆ چاندنی گەنم و بڕی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستانە بۆ ساڵی داهاتوو.
قوسەی حەتاب، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ڕایگەیاند، لیژنەکە بە سەرۆکایەتیی وەزیری کشتوکاڵ و بە ئەندامییەتی نوێنەرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و دوای یەکلاکردنەوەی پشک و ڕووبەرەکان، کۆنووسەکە بۆ پەسندکردن بەرز دەکاتەوە ئەنجوومەنی وەزیران.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە 6ی تشرینی یەکەمدا پلانی گشتیی چاندنی گەنمی بە زیاتر لە 4 ملیۆن دۆنم (بەبێ هەرێمی کوردستان) دیاری کردووە و ڕووبەری دێمی بۆ 2.4 ملیۆن دۆنم فراوان کردووە، کە زۆرینەی لە کەرکوک و نەینەوایە، هەروەها بڕیار دراوە هەر تۆنێک گەنمی نێو پلان بە 700 هەزار دینار لە جووتیاران وەربگیرێت.