گرژییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە؛ بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە تووندی هێرش دەکاتە سەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بە ئەنجامدانی جینۆساید دژ بە گەلی کورد و چەوساندنەوەی گەلەکەی خۆی تۆمەتباری دەکات.
نەتانیاهوو لە پۆستێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X، ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی ئەردۆغانی کردووە و نووسیویەتی: "تۆ دیکتاتۆرێکی دژەجوویت، کۆمەڵکوژیت دژ بە کورد ئەنجامداوە، پشتگیری لە حەماس دەکەیت، گەلەکەی خۆت دەچەوسێنیتەوە و نەیارە سیاسییەکانت زیندانی دەکەیت."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە درێژەی پەیامەکەیدا بۆ سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت: "لەبەر ئەو هۆکارانە، تۆ کۆتا کەسیت کە بتوانێت وانەی ڕەوشت بە ئیسرائیل بڵێیتەوە."
جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ئیسرائیل و سوپاکەی "بەڕەوشتترین سوپای جیهانن" و بەردەوام دەبن لە دژایەتیکردنی ئێران و بریکارەکانی کە هەڕەشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان دەکەن.
ئەم پەرەسەندنە تووندە لە لێدوانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە وەڵامی گوتەکانی ئەم دواییەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا هات کە تێیدا ڕایگەیاندبوو، ئۆپراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە غەززە و لوبنان کۆمەڵکوژین و "گەیشتوونەتە ئاستێک کە مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا."
ئەردۆغان هۆشداری دابوو کە ئەوان زۆر باش لە نیازەکانی ئیسرائیل دەگەن و گوتبووی: "ئاسایشی تورکیا لە حەلەب، دیمەشق و بەیرووتەوە دەستپێدەکات."