دوای بەرزبوونەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن لەسەر داخرانی گەرووی هورمز، سوپای پاسداران و سوپای ئێران ڕایانگەیاند کە لە شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرشی موشەکی و درۆنیدا، چەندین بنکەی سەربازیی گرنگی هێزەکانی ئەمریکایان لە وڵاتانی بەحرەین، کوێت و ئوردن کردووەتە ئامانج.
هاوکات ئەمریکاش چەند ناوچەیەکی لە پارێزگای خوزستانی ئێران بۆردومان کرد و قوربانیی لێکەوتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، وردەکاریی هێرشەکانیان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا بەم شێوەیەیە:
بەحرەین (بنکەی شێخ عیسا): سوپای پاسداران ڕایگەیاند کە لە موجی دووەمی هێرشەکانیدا، ناوەندی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی درۆنەکان، حەشارگەی فڕۆکەکانی جەنگی ئەلیکترۆنی لە جۆری (P-8) و ناوەندەکانی چاککردنەوەی هێلیکۆپتەرەکانی ئەمریکای پێکاوە.
کوێت (بنکەکانی عەلی سەالم و ئەحمەد جابر): لە هێرشێکی هاوبەشی درۆنیی سوپا و سوپای پاسداران، مخازنی سووتەمەنی، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت و سیستمێکی ڕاداریی ستراتیژی و ڕێنوێنی (FPS) کراونەتە ئامانج و بە تەواوی تێکشکێندراون.
ئوردن (بنکەی ئاسمانیی شازادە حەسەن): چەندین عەمباری گەورەی موشەک و کۆگای سووتەمەنی هێزەکانی ئەمریکا بە موشەک و درۆن ئاگر تێبەردراون.
هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ناوخۆی ئێران و زیانەکان
لەلایەکی دیکەوە، وەلیوڵڵا حەیاتی، جێگری پارێزگاری خوزستان ڕایگەیاند کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، موشەک و کەرەستە تەقەمەنییەکانی ئەمریکا بەر چەند خاڵێک لە شارەکانی ئابادان، شادەگان و ماهشەهر کەوتوون.
بەپێی گوتەی ناوبراو، لە ئەنجامی کەوتنی پرتابەیەکی ئەمریکی بۆ سەر وێستگەیەکی ئاودێریی کشتوکاڵی لە ماهشەهر، پاسەوانێکی وێستگەکە گیانی لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
فەرماندەی پێشووی سێنتکۆم: ئەمریکا دەتوانێت گەرووی هورمز کۆنترۆڵ بکات
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتە سەربازییە خێرایانەدا، فڕانک مەککەنزی، فەرماندەی پێشووی ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا "بەبێ هیچ گومانێک" توانای ئەوەیان هەیە کۆنترۆڵی تەواوەتیی گەرووی هورمز بگرنە دەست ئەگەر دۆناڵد ترەمپ بڕیاری لەسەر بدات.
مەککەنزی وەک کارتێکی گوشاری بەهێز، پێشنیاری دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی "خارک"ی ئێرانی کرد بۆ ناچارکردنی تاران بە کردنەوەی گەرووەکە و گوتی: "ئێران تەنیا لە ژێر گوشاری قورسی سەربازیدا پاشەکشە دەکات و ئەگەر دەتانەوێت ئیمتیازیان لێ وەربگرن، دەبێت گوشارەکە بگەیەننە ئاستێک کە هەست بە مەترسیی نەمانی خۆیان بکەن."