هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە، بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرش و بۆردومانانەی کرد کە کراونەتە سەر شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان، و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمەکە و حکومەتی خۆجێیی سلێمانی بەشێک نین لەم جەنگە.
پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند کە ئەوان بە بێلایەنانە و بەرپرسیارانە مامەڵە دەکەن و بەشێک نین لەو ململانێ و جەنگەی کە بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە.
هاوکات، هەڤاڵ ئەبوبەکر داوای لە هاووڵاتیان کرد لە شوێنی بۆردومانەکان نزیک نەبنەوە و ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ هێزەکانی ئاسایش، ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان دروست نەکەن، تاوەکو بتوانن ئەرکەکانی خۆیان بە شێوازێکی پیشەیی جێبەجێ بکەن.