سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری زیندانیکراوی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە زیندانی ئەدیرنە پێشوازی لە نیزامەدین کاباڵش، باوکی ڕۆژین کاباڵش دەکات کە دوای ونبوونی، تەرمەکەی لە کەناری دەریاچەی وان دۆزرایەوە.
پارێزەرانی سەلاحەدین دەمیرتاش ڕۆژی پێنجشەممە (2ـی تەممووزی 2026) لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایانگەیاند: "سەلاحەدین دەمیرتاش کە لە زیندانی ئەدیرنەدایە، ڕۆژی یەکشەممە، 5ـی تەممووز کاتژمێر 10:00ـی بەیانی، لەگەڵ نیزامەدین کاباڵش، باوکی ڕۆژین کاباڵش و ئەحمەد کاباڵش، مامی ڕۆژین کۆدەبێتەوە."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە لەم دیدارەدا دۆسیەی گیانلەدەستدانی ڕۆژین تاوتوێ دەکرێت؛ بۆ ئەم مەبەستەش دەمیرتاش پێش کۆبوونەوەکە، بە وردی پێداچوونەوەی بە بەڵگەنامەکانی دۆسیەکەدا کردووە و لە لایەن پارێزەرانیشەوە زانیاریی تەواوی پێدراوە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ قۆناغە یاساییەکانی دۆسیەکە بکات.

چی ڕوویدابوو؟
ڕۆژین کاباڵش کە دانیشتووی ئامەد بوو، خوێندکاری قۆناغی یەکەمی بەشی گەشەپێدانی منداڵان بوو لە زانکۆی "یووـزوونـجوو یڵ" لە وان؛ ناوبراو بە شێوەیەکی تەمومژاوی ون بوو و دوای 18 ڕۆژ گەڕان، تەرمەکەی لە کەناری دەریاچەی وان دۆزرایەوە.
لەو کاتەدا، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی و پارێزگاری وان ڕایانگەیاند کە ئەو کچە تەمەن 21 ساڵە خۆی کوشتووە، بەڵام خێزانەکەی سوور بوون لەسەر ئەوەی کە کچەکەیان کوژراوە و بەردەوام بوون لە داواکردنی دادپەروەری.
دوای ساڵێک بێدەنگی، پەیمانگەی پزیشکیی داد لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا ڕاپۆرتی خۆی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد کە شوێنەواری DNAـی دوو پیاو لەسەر جەستەی ڕۆژین دۆزراوەتەوە.
دوابەدوای ئەمەش، لە 6ـی ئایاری ڕابردوودا، ئاکین گورلەک، وەزیری داد پێشوازی لە باوک، دایک و پارێزەرانی خێزانی ڕۆژین کرد و ڕایگەیاند کە سەرۆکایەتیی فەرمانگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانە نادیارەکان هاتووەتە سەر خەت بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان.