ڕاستەوخۆ

سوپای تورکیا دوای ڕۆژێک لە دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانیان، شەش گەنجی شیلادزێی ئازاد کرد

reset font size increase font size

سەربازانی تورکیا لە سنووری قەزای ئامێدی، شەش گەنجی شارەدێی شیلادزێیان دەستگیر کرد و دوای ڕۆژێک لە ئەشکەنجەدان و لێدانیان، ڕێگەیان پێدان بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان.

بەپێی ڕاپۆرتی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی (CPT)، سەرلەبەیانیی دوێنێ، 1ـی تەممووزی 2026، شەش گەنجی دانیشتووی شارەدێی شیلادزێ بە مەبەستی کۆکردنەوەی گژوگیای خۆڕسک ڕوویان لە گوندەکانی (بێسەپێ و کوکەرێ) کردووە لە نزیک چیای کوڕەژارۆ لە پشتی شیلادزێ؛ بەڵام لە ڕێگادا دەکەونە ناو کەمینێکی سەربازانی سوپای تورکیا و دەستگیر دەکرێن.

سەربازانی تورکیا بە قۆنداغی تفەنگ، شەق و زللە ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆری ئەو گەنجانەیان داوە و ئەمڕۆ دوای ئازادکردنیان، هۆشداریی توندیان پێداون کە ئەگەر جارێکی دیکە بگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچانە، دەکوژرێن.

هەر لەو ڕووداوەدا، سەربازانی تورکیا بە بەرد و قۆنداغی تفەنگ ئازاری ئەو ئێسترەشیان داوە کە گەنجەکان بۆ گواستنەوەی گیا لەگەڵ خۆیان بردوویانە و جەستەی وڵاخەکەیان خەڵتانی خوێن کردووە.

شارەدێی شیلادزێ لە سنووری پارێزگای دهۆک، یەکێکە لەو ناوچانەی کە بەهۆی ئۆپەراسیۆن و شەڕی سوپای تورکیاوە زۆرترین زیانی پێگەیشتووە.

سەرچاوەی بژێوی ژیانی زۆربەی هاونیشتمانیانی ئەو دەڤەرە لەسەر کشتوکاڵ و کۆکردنەوەی گیا بەهاری و خۆڕسکەکانە، بەڵام تاوەکو ئێستا 92 گوندی سنووری ئەو شارەدێیە بەهۆی هێزەکانی تورکیاوە چۆڵکراون یان داگیرکراون و خەڵکەکەی ناتوانن بچنەوە سەر زەوی و زاری خۆیان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.