ئەنجومەنی ڕاژەی فیدراڵی، تەواوبوونی پڕۆسەی بەخشینی کۆدی وەزیفی بە زیاتر لە 43 هەزار داواکار لە هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان و یەکەمەکانی زانکۆ ڕاگەیاند و ئامادەکارییەکان بۆ کاراکردنی فۆرمی دامەزراندن تەواو بووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجومەنی ڕاژەیب عێراق ئاشکرای کرد، ژمارەی ئەو کەسانەی کۆدی وەزیفییان پێدراوە گەیشتووەتە 43,413 کەس. ئەم هەنگاوەش دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی وردبینی و هاوتاکردنی وەزیفی دێت لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی، وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی خانەنشین، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لەوەی پێشتر لە هیچ شوێنێکی دیکە دانەمەزراون.
فازڵ عەبدولزەهرە غەراوی، گوتەبێژی فەرمی ئەنجومەنی ڕاژە، لەبارەی ڕێکارەکانەوە ڕایگەیاند: "دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان و یەکەمەکان پابەندییەکی یاساییە. گوتیشی: "سەرجەم پێداویستییە تەکنیکییەکانمان بۆ ڕاگەیاندنی فۆرمەکە تەواو کردووە، بەڵام دەستپێکردنی دامەزراندنی تەواوەتی بەستراوەتەوە بە پەسەندکردنی بودجەی ساڵی 2026".
گوتەبێژی فەرمی ئەنجومەنی ڕاژە ڕاشیگەیاند: "تاوەکو ڕێکەوتی 16ی 9ی 2025، کۆی گشتیی داواکاران گەیشتووەتە 46,918 کەس، کە 22,590یان نێر و 24,328یان مێن، ئەنجومەن پەرۆشی ئەوەیە دابەشکردنیان بە گوێرەی پسپۆڕییە ورد و پێویستیی وەزارەتەکان بێت".
فازڵ عەبدولزەهرە غەراوی جەختی لەوە کردەوە، فۆرمی دامەزراندن تەنها بۆ ئەو کەسانە بەردەست دەبێت، کە کۆدی وەزیفییان بەدەست هێناوە و گوتیشی: "داوا لە داواکاران دەکەین بەردەوام بەدواداچوون بۆ لاپەڕە فەرمییەکانمان بکەن بۆ زانینی هەر پێشهاتێکی نوێ".
بەگوێرهی یاساکانی ژمارە (59) و (67)ی ساڵی 2017، حکومەتی عێراق پابەندە بە دابینکردنی هەلی کار بۆ سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی زانکۆ و هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا.