ئاڵۆزییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران پێیان ناوەتە قۆناغێکی هەستیارەوە؛ لە کاتێکدا هەردوولا هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە یەکتر دەکەن، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتووەتە نزیکەی 91 دۆلار و نیگەرانییەکان لەسەر ئاسایشی گەرووی هورمز ڕوویان لە زیابوون کردووە.
ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشدارییەکی توندی داوەتە وڵاتانی ناوچەکە کە خاک یان ئاسمانی خۆیان بۆ هێرشی ئەمریکا بەکارنەهێنن، بە پێچەوانەوە دەبنە ئامانجی هێرشەکانی تاران. ئەم هۆشدارییە دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند واشنتن وەڵامی هێرشەکانی ئێران دەداتەوە و ڕێگە نادات تاران دەستی بگات بە چەکی ئەتۆمی.
سەرهەڵدانی ئەم گەڕە نوێیەی ئاڵۆزییەکان دوای ئەوە هات کە هێزەکانی ئەمریکا چەند شوێنێکیان لە دوورگەی لارەک بۆردوومان کرد، و لە بەرامبەردا ئێران دوو بنکەی سەربازیی ئەمریکای لە ئوردن بە مووشەک کردە ئامانج.
سەبارەت بە گەرووی هورمز، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، بارودۆخی گەرووەکە ئاساییە و ڕۆژانە نزیکەی 30 کەشتی پێیدا تێدەپەڕن، بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاشکرای دەکەن کە واشنتن خۆی بۆ هێرشی سەربازیی نوێ ئامادە دەکات. لە لایەکی دیکەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند وڵاتەکەی ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد ئەگەر ئەمریکا بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات.
چاودێرانی سیاسی جەخت دەکەنەوە، ناوچەکە لە دۆخێکی یەکجار مەترسیدادایە و ئەگەری ڕوودانی جەنگ لە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بەهێزترە.