لە 28ی شوباتدا ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و بە سەدان مووشەکی جیاواز تارانیان کردە مەیدانی نوێترین جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە دەستپێکی شەڕەکەدا و بە دیاریکراوی لە 28ی شوباتدا کوشتنی عەلی خامنەیی و 40 سەرکردەی باڵای سەربازیی ئێران زەنگی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی گرژیی و ئاڵۆزییەکان بوو لە ناوچەکەدا.
دواتر ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان بە موشەکبارانی ئێران کرد و لە ئەنجامدا لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بنکە و ناوەندەکانی سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکان، دواتر تاوەر و ناوەندەکانی پەخشی تەلەڤیزیۆنی ئێران کرانە ئامانج.
لە ئەنجامی ئەمەشدا بەگوێرەی ئامارەکانی مانگی سوری ئێرانی هەزار و 332 کەس لە ئێران کوژراون.
مانگی سوری ئێرانی ڕاشیگەیاندووە، لە هەفتەی یەکەمی هێرشەکەدا چوار هەزار باڵەخانەی مەدەنی لە ئێران خاپوور کران، ئەمە جگە لە تێکشکاندنی 900 ئامانجی سەربازی لە 12 کاتژمێری یەکەمى جەنگدا.
لە قۆناغێکی دیکەدا شەڕەکە تەنیا لەسەر خاکی ئێران نەوەستا و زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەی گرتەوە، لەوانە بەحرێن، سعودیە، ئیمارات، ئوردن و عێراق.
ئابووریی ڕەهەندێکی دیکەی گرنگی ئەم جەنگەیە و سەرچاوەکانی وزە لە ناوخۆی ئێراندا دەڵێن ئاستی دابەزینی بەرهەمی ناوخۆیی لە ئێران گەیشتووەتە زیاتر %10
ئیسرائیل و ئەمریکاش بە هەمان شێوە ئازاری زیانە ئابوورییەکان دەچێژن بە جۆرێک ئابووری ئیسرائیل هەفتانە 2.93 ملیار دۆلار (نزیکەی 428 ملیۆن دۆلار ڕۆژانە) زیانی پێدەگات.
ئەمە جگە لەوەی 12 هاوڵاتیی مەدەنی ئیسرائیلی کوژراون و 1900 دیکە بریندار بوون.
لە لایەکی دیکەوە لە 100 کاتژمێری یەکەمدا تێچووی سەربازیی ئەمریکا گەیشتە 3.7 ملیار دۆلار (ڕۆژانە 891 ملیۆن دۆلار)، کە زۆربەیان بۆ مووشەکی تۆماهۆک و پاتریۆت بوون.
خاکی هەرێمی کوردستانیش بەشێکی دیکەی یەکلاکردنەوەی ململانێکانە و لە 10 ڕۆژی یەکەمی جەنگەکەدا، بەگوێرەی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم، 213 درۆن ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کراون، بە جۆرێک 184 درۆن لە هەولێر، 23 لە سلێمانی، چوار لە دهۆک و دوو دانە لە هەڵەبجە ئاڕاستە کراون.
لە دوای 10 ڕۆژ لە ململانێکی خوێناویی لە ئێران، موجتەبا خامنەیی وەکو ڕێبەڕێکی نوێ بۆ وڵاتەکە دیاریکرا. ئێستاش چاوەکان هەموو لە ئێرانن، داخۆ چارەنووسی موجتەبا وەکو باوکی دەبێت یان ئێران ڕوو لە گۆڕانکارییەکی مەزنی سیاسیی، ئابووریی و سەربازیی دەکات؟