پلاتفۆرمی یەکێتیی نەتەوەیی ژنی کورد لە ڕاگەیەندراوێکدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد و جەختی کردەوە کە وەڵامدانی ئەم پەلامارانە تەنیا بە داڕشتنی گوتارێکی یەکگرتووی نەتەوەیی دەبێت.
دوای هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کە بەهۆیەوە چەندین پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون، پلاتفۆرمی یەکێتیی نەتەوەیی ژنی کورد هەڵوێستی فەرمیی خۆی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوو کە ئەم هێرشانە درێژکراوەی سیاسەتی سەرکوتکاریی دژ بە ئیرادەی گەلی کوردن، بەڵام بەکارهێنانی توندوتیژی و چەک هەرگیز ناتوانێت داواکارییەکانی ئازادی لە دڵی تاکی کورددا بکوژێنێتەوە.
پلاتفۆرمەکە لە کاتێکدا هاوسۆزی و سەرەخۆشیی خۆی ئاڕاستەی بنەماڵەی قوربانیان و هاوسەنگەرانیان کرد، داواشی لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان کرد یەکڕیزیی نەتەوەیی پتەوتر بژێنن.
لە کۆتاییشدا بە بەرزکردنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، جەختیان کردەوە کە ژنانی کورد وەک هێزێکی پێشەنگ لە ڕیزی پێشەوەی بەرگریدا دەمێننەوە و تا بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی بەردەوام دەبن لە خەبات.