نوسینی/ ئازاد عەلی
لە گەمە سیاسییە باڵاکاندا، هێزی ڕاستەقینە تەنها لە توانای تێکشکاندنی سەربازیی دوژمندا کورت نابێتەوە. توانای "داڕشتنەوەی ژینگەی ململانێ" بە شێوەیەک کە هەموو ڕێگاکان بەرەو ئامانجی دیاریکراو بباتەوە، براوەی ڕاستەقینەی جەنگ دەستنیشان دەکات. ستراتیژیی ئەمریکا لە بەرانبەر ئێران و پرسی گەرووی هورمز، لەم چوارچێوەیەدا کار دەکات.
ئەمریکا لە جیاتی کۆنترۆڵێکی سەربازیی و ڕاستەوخۆی گەرووەکە لە میانەی جەنگدا، پەنا دەباتە بەر ئەندازیاریی قەیرانێک کە لە کۆتاییدا هەژموونی خۆی بە فەرمیی بکات.
کۆنترۆڵی گەرووی هورمز لە رێگەی سەربازیی، نەک تەنها پێش وادە، نهێنیی ستراتیژیی ئەمریکای لەم جەنگەی ئاشکرا دەکرد، بەڵکو ئەم وڵاتەی وەک "داگیرکەر" نیشان دەدا و ناتەباییەکی زەقیشی لەگەڵ بیانووەکانی ئەمریکا بۆ جەنگ، کە وەک پرسی ئەتۆمی و موشەکیی ئێران ڕایگەیاندبوو، دروست دەکرد.
لێرەدا، نهێنی سیاسەتی ئەمریکا دەخوازێت ڕێگە بدات ئێران یەکەم هەڵە ئەنجام بدات. داخستنی گەرووەکە و دروستبوونی قەیرانێکی نێودەوڵەتیی وزە لەلایەن ئێرانەوە ئەو ساتە وەختەیە کە ئەمریکا چاوەڕوانی دەکرد، کە جەنگەکە لە ململانێیەکی دوولایەنەوە بگۆڕێت بۆ ململانێیەکی جیهانی و بۆ چارەسەرکردنیشی، پێش وەختە مێزی دانوستانی ئامادە کردبوو.
وردترین خاڵ لەم پلانەدا ئەوەیە، ئەمریکا ئامادەیە تەنانەت وەک لایەنێکی دۆڕاو یان ناسەرکەوتوو لە جەنگ دەربکەوێت کە ئامادەی دانوستانە. مەرجی سەرەکیی دانوستانیش پەیوەست دەکات بە کردنەوە گەرووەکە! ئەم پاشەکشە ڕووکەشە داوێکی زیرەکانەیە؛ چونکە کاتێک ئەمریکا کردنەوەی گەرووەکە دەکاتە مەرج، خەریکە ئەو پەیامە بە جیهان دەدات کە ئەم ڕێڕەوە گرێکوێرەی هەموو کێشەکانە و چارەسەریش تەنها لە دەستی خۆیدایە.
هێنانی ئێران بۆ سەر مێزی دانووستان تەنها بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە پرسی "کۆنترۆڵی گەرووەکە" لە پرسێکی سەروەریی نیشتمانیی ئێرانەوە، ببێتە پرسێکی سیاسیی نێودەوڵەتیی دانپێدانراو. هەر دوو ئەگەری سەرکەوتن یان شکستی دانوستانەکان، ئەمریکا بەرەو قۆناغی چنینەوەی دەستکەوتەکان دەبات.