ڕاستەوخۆ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان: پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن

reset font size increase font size

دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە شەپۆلێکی گەرمای بەهێز هەرێمی کوردستانی گرتەوە و پلەکانی گەرما گەیشتنە لووتکە، کەشناسی رایدەگەیێنێت کە لە سبەی چوارشەممەوە پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن و ئەو کەشە جێگیرە بۆ زیاتر لە هەفتەیەک بەردەوام دەبێت.


بەگوێرەی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی، ئەمڕۆ سێشەممە پلەکانی گەرما گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستەکانیان؛

بە جۆرێک لە ئیدارەی گەرمیان 48 پلە، لە هەڵەبجە 45 پلە، لە هەولێر، دهۆک و ئاکرێ 43 پلە، هەروەها لە سلێمانی 42 پلەی سیلیزی تۆمارکراون، بەڵام لە سبەی چوارشەممەوە کەشوهەوا گۆڕانکارییەکی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت.


کەشناسی ئاماژە بەوە دەکات، سبەی بەهۆی زیادبوونی خێرایی با کە لە هەندێک کاتدا دەگاتە سەرووی 25 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا،هەروەها ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ و کەمبوونەوەی مەودای بینین هەیە.

بەڵام هاوکات بارستە هەوایەکی فێنک روو لە ناوچەکە دەکات و بەو هۆیەوە پلەکانی گەرما بەڕێژەی 4 بۆ 6 پلەی سیلیزی روو لە دابەزین دەکەن.


سەبارەت بە پێشبینیی پلەکانی گەرمای سبەی چوارشەممە، بەم شێوەیە دەبن:

هەولێر و ئاکرێ: 38 پلەی سیلیزی
 سلێمانی، دهۆک و زاخۆ: 37 پلەی سیلیزی
 گەرمیان: 40 پلەی سیلیزی
 حاجی ئۆمەران: 24 پلەی سیلیزی (کەشێکی زۆر فێنک)

لەکۆتاییدا، کەشناسی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە کاریگەریی ئەم دابەزینەی پلەکانی گەرما بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک بەردەوام دەبێت، و لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پلەکانی گەرما لە خوار 40 پلەی سیلیزی یان نزیک لەو ژمارەیەدا جێگیر دەبن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.