ڕاستەوخۆ

کەرکوک؛ کاتێک ئاسن و خوێن لە سەر شەقام یەکتریان گرت

reset font size increase font size

ئامادەکردن/ شۆخان کەریم

کەرکوک ئەو شارەی ڕاهاتبوو بە دووکەڵی جەنگ، ئەمجارەیان لە ناو جەرگەی خۆیدا و لە سەر شەقامێکی گشتی، ڕووبەڕووی جەنگێکی بێدەنگ بووەوە، بارهەڵگرێک کە کۆنتڕۆڵی لەدەستدا، تەنها ئۆتۆمبێلەکانی نەشێلا، بەڵکو خەونی 35 خێزانی وردوخاش کرد.

 لە چرکەیەکدا، شەقامەکە بوو بە گۆڕەپانی مەرگ، 8 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکەش ئێستا لە نێوان مان و نەماندا ململانێ دەکەن.

ئەمە دیمەنی چرکەساتی نێوان ژیان و مەرگ بوو، ساتی تێپەڕبوونی بارهەڵگرێکی بێ کۆنتڕۆڵە، تەنها چەند مەترێک ئەولاتر، گەورەترین کارەساتی هاتوچۆ کەرکوکی هەژاند.

بارهەڵگرەکە وەک مۆتەکەیەک بەسەر شەقامەکەدا تێپەڕی، زیاتر لە 35 ئۆتۆمبێلی پێکا و پانتاییەکی فراوانی لە ئاسنی تێکشکاو و خوێن لە دوای خۆی جێهێشت. ئەو شۆفێرەی لەم دیمەنەدا ڕزگاری بوو، ڕەنگە تەنها چانسێکی دیکەی بۆ ژیان بۆ نووسرابێتەوە، بەڵام بۆ 8 کەسی دیکە، ئەمە دوا وێستگەی ژیان بوو.

ئەوانەی لەناو جەرگەی ئاگر و ئاسنەکەدا بوون، گێڕانەوەیەکی ترسناکیان لایە، شۆک و ترس ڕووی هەمووانی داپۆشی، شایەتحاڵەکان، لە نێوان هاواری بریندارەکاندا، هەوڵیان دەدا ئازیزێک یان هاوڵاتییەک ڕزگار بکەن، ئەوان تەنها بینەری مەرگ نەبوون، بەڵکو یەکەمین فریادڕەس بوون پێش ئەوەی ئەمبوڵانسەکان بگەن.

لە پشت هەموو ئۆتۆمبێلێکی تێکشکاو، چیرۆکێکی پڕ لە ئازار هەیە

ئەم کارەساتە شەپۆلێکی گەورەی هاوسۆزی و بڕیاری خێرای لە سەر ئاستی باڵا بەدوای خۆیدا هێنا. محەمەد سەمعان، پارێزگاری شارەکە، ماتەمینی گشتی ڕاگەیاند و هەموو جۆرە پێشوازییەکی فەرمی ڕاگرت و هاتوچۆی بارهەڵگرەکانی لە ناوەندی شاردا قەدەغە کرد.

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستانیش هەموو تواناکانی بۆ فریاکەوتنی بریندارەکان خستە گەڕ. 

کەرکوک ڕۆژێکی ماتەمی بەڕێکرد، بارهەڵگرەکان وەستێنران. لەمەودوا ڕێگەکانی ناو شار لە کاتژمێر 8ـی بەیانی تاوەکو 12ـی شەو بە ڕوویاندا دادەخرێن، تا چیتر شەقامەکان نەبنە شوێنی ماڵئاوایی کتوپڕ. بەڵام لە پشت ئەم بڕیاریارانەوە، دیمەن و ئازاری ڕوداوەکە  بە هیچ نووسراوێک ساڕێژ نابێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.