ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، کۆڕبەندێک لەژێر ناونیشانی "جیۆپۆلیتیکی کوردستان لە دیزاینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆخی ژنان" بەڕێوەچوو، کە تێیدا ژمارەیەک لە ژنانی سەرکردە، پەرلەمانتاران و چالاکوانانی ڕامیاری لە هەر چوار پارچەی کوردستان و تاراوگە بەشدار بوون.
لە کۆڕبەندەکەدا، هەریەکە لە زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) و گەشە دارا حەفید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادبوون ئامادە بوون. بەشداربووان تاوتوێی کاریگەریی گۆڕانکارییە هەرێمییەکان، پرسی گۆڕینی ڕژێمەکان لەسەر ژیانی ژنان و چۆنیەتیی خستنەڕووی دۆزی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کرد.
گەشە دارا حەفید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادبوون لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ئامانجیان لەم کۆڕبەندە ڕەخساندنی زۆرترین دەرفەتە بۆ بەشداریپێکردنی خەڵک لەم جۆرە گفتوگۆیانەدا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە تەوەری سەرەکیی کۆڕبەندەکە لەسەر چەمکی "ژنۆپۆلیتیک" بووە، کە زانستێکی ڕامیارییە و لێکۆڵینەوە لە کاریگەری و پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتی ڕامیاری لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا لەسەر ژیان و دۆخی گشتیی ژنان دەکات.