کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا لە تورکیا لە خولی پێنجەمیدا، جارێکی دیکە سەلماندی کە تەنها کۆبوونەوەیەکی پرۆتۆکۆڵی نییە، بەڵکو ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی سیاسییە بۆ تاقیکردنەوەی چارەسەرە ئەستەمەکان، ئەمساڵ بە ئامادەبوونی زیاتر لە چوار هەزار بەشداربوو بەڕێوەدەچێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک کارەکتەرێکی سەرەکیی دیپلۆماسیی ناوچەیی، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لە پێناو چەسپاندنی سەقامگیری و دۆزینەوەی جێگرەوەی وزە ئەنجامدا، دکتۆر بەرهەم ساڵحیش، وەک کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری کۆچبەران جەختی لەوە کردەوە، کە دیپلۆماسی بەبێ چارەسەرکردنی ڕەگ و ڕیشەی ئاوارەیی و کۆچبەران، تەنها چارەسەرێکی کاتییە، ئاماژەی بەوەش کرد، کە جەنگەکانی ئۆکرانیا و غەزە و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، جیهانیان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بێوێنەی کۆچبەران کردووەتەوە کە پێویستی بە هاوپەیمانییەکی نوێی مرۆیی هەیە.
مێژووی ئەم کۆڕبەندە شاهیدی گەورەترین وەرچەرخانەکان بووە، لە 2012ـدا، هەر لێرەوە یەکەم دیداری نێوان لاڤرۆڤ و کۆلێبا ڕوویدا کە دواتر بووە خاڵی دەستپێک بۆ ڕێککەوتنی ناردنی گەنم و ڕزگارکردنی جیهان لە برسێتی، سەکۆکە توانی دوای ساڵانێکی زۆر لە دوژمنایەتی، وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ئەرمەنستان لەسەر یەک مێز کۆبکاتەوە.
ئەمساڵ لە خولی پێنجمیدا بە دروشمی دیپلۆماسی بۆ ئاشتی و گۆڕانکاری کۆڕبەندەکە بەردەوامە، تیشک دەخاتە سەر ئاسایشی وزە و هاوسەنگییە سیاسییەکان، ئامادەبوونی سەرکردەکانی جیهان وەک سکرتێری گشتیی ناتۆ و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، دەری دەخات کە ئەنتالیا ئێستا کڵۆبێکی جیهانییە بۆ داڕشتنەوەی ئایندە.
لەکاتێکدا جیهان بەدەست قەیرانی کۆچبەران و ململانێی وزەوە دەناڵێنێت، ئایا ئەم دیدارانەی ئەنتالیا دەبنە دەستپێکی ڕێککەوتنێکی گشتگیر، یان تەنیا وەک کۆبوونەوەی پرۆتۆکۆڵی لە مێژوودا دەمێننەوە؟