فەرماندەییی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) کۆتاییهاتنی نەهەمین شەوی لەسەریەکی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران ڕاگەیاند، بە مەبەستی لاوازکردنی توانای سەربازیی تاران و کۆتاییهێنان بە هەڕەشەکانی سەر کەشتیوانی لە گەرووی هورمز.
بەیانیی ئەمڕۆ، فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا جەختی کردەوە کە زنجیرە هێرشەکانیان لە کاتژمێر 10:00ی شەوی 19ی تەممووزی 2026 (بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا) کۆتایی پێهاتووە.
هێرشەکان پێگە و ژێرخانە هەستیارەکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، لەوانە: بنکەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، دامەزراوەکانی چاودێریی دەریایی، بنکەکانی هەڵدان و بەرهەمهێنانی مووچەک و مەسيڕە (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) و تۆڕەکانی پەیوەندیکردن.
سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "هێزەکانی ئەمریکا بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئێران ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی دەکەنەوە" و جەختی کردەوە کە هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەیی و چاوکراوەییدان بۆ پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، کە گرنگترین ڕێڕەوی دەریایی وزەیە لە جیهاندا و پێنجیەکی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.
ئەم هێرشە چڕانەی واشنتن دوای زنجیرەیەک هێرشی مووچەکی و درۆنیی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا دێت، کە ترس و نیگەرانییەکانی لە تەشەنەسەندنی زیاتری جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەیاندووەتە لووتکە.