بۆ ڕێگریکردن لە پەککەوتنی خزمەتگوزارییەکان و پاراستنی مافی ملیۆنان بەشداربوو، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیكۆم پەنای بۆ دادگاکانی عێراق بردووە و بە فەرمی تانەی لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی «فەرمانسالاری» (الأمر الولائي) گرتووە.
کۆڕەک جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە پشتبەستن بە دادپەروەریی عێراق و بۆ پاراستنی تەواوی مافە یاساییەکانی، ئەم هەنگاوە یاساییەی بەکارهێناوە و متمانەی تەواوی بە سیستمی دادوەریی وڵات هەیە بۆ بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە بەشداربووان.
کێشەی سەرەکیی کۆمپانیاکە لە عێراقدا پەیوەستە بە قەرز و ململانێی دارایی لەگەڵ دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، کە بەهۆی پابەندنەبوون بە دانەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانەوە کە بە زیاتر لە ملیارێک و ٢٥٠ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، بووەتە هۆی سەپاندنی سزای توند و ڕاگرتنی خزمەتگوزارییەکانی.