کونسوڵخانەی گشتیی کۆماری میللی چین لە هەولێر ڕایگەیاند، بەهۆی پشووەکانی جەژنی قوربانەوە لە کۆتایی ئەم مانگەدا بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک هەموو جۆرە مامەڵەکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەک ڕادەگرێت.
بە گویرەی ڕاگەیەنراوێکی کونسوڵخانەی چین لە هەولێر، لە ڕۆژی 26ـی ئەم مانگەوە بەهۆی پشووی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە دەرگای کونسوڵخانەکە بەڕووی هاووڵاتیاندا دادەخرێت و هیچ جۆرە مامەڵەیەک وەرناگیرێت.
کونسوڵخانەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای تەواوبوونی پشووەکانی جەژن، لە ڕۆژی 1ـی حوزەیرانەوە خزمەتگوزارییەکانیان دەستپێدەکاتەوە و هاووڵاتیان و بازرگانان دەتوانن بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانیان سەردانیان بکەنەوە.
چین یەکێکە لەو وڵاتە زلهێزانەی کە پەیوەندییەکی دێرین و ئاڵوگۆڕێکی بازرگانیی گەورە و فراوانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە؛ ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە بازرگانانی هەرێمی کوردستان بۆ هاوردەکردنی کاڵا و شتومەک، لەگەڵ هاووڵاتیان بۆ مەبەستی گەشتوگوزار، سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن و ڤیزای کونسوڵخانەی چین لە هەولێر بەدەستدەهێنن.