کۆمەڵەیەکی ڕەگەزپەرستی سەر بە گورگە بۆرەکان بە چەقۆ و داس هێرشیان کردە سەر خوێندکارانی زانکۆی ئیجە و لە دوو هێرشی جیاوازدا 22 خوێندکاریان بریندار کرد.
کۆمەڵێک خوێندکاری زانکۆی ئیجە، کە لە بەردەم زانکۆدا وەستابوون و لەلایەن کۆمەڵەیەکی خوێندکارانەوە بڵاوکردنەوەیەکیان بەسەردا دابەش دەکرا، چەند کەسێک کە ئەندام و لایەنگری گورگە بۆرەکانن، بە چەقۆ هێرشیان کردە سەریان و لە ئەنجامدا سێ خوێندکار بریندار بوون.
بەگوێرەی زانیارییەکان، دوای هێرشی یەکەم، پاسەوانانی زانکۆ ڕێگەیان داوە هێرشبەرەکان بە چەکەکانیانەوە بچنەوە ناو کەمپی زانکۆکە. کاتێک کۆمەڵێک خوێندکاری دیکە بۆ هەواڵپرسیی هاوڕێکانیان چوونە بەردەم نەخۆشخانە، بۆ جاری دووەم ڕووبەڕووی هێرشی ئەو گروپە بوونەوە. لەم هێرشەدا 19 خوێندکاری دیکەش بریندار بوون، کە کۆی گشتی بریندارەکان گەیشتە 22 کەس.
شایەتحاڵەکانی هێرشەکە ئاماژە بەوە دەکەن، هێزەکانی پۆلیس لەبری دەستگیرکردنی هێرشبەرەکان، گازی فرمێسکڕێژیان دژی ئەو خوێندکارانە بەکارهێناوە کە هێرشیان کراوەتە سەر و لێیان داون.