شارەزایان و دانیشتووانی ناوچەکە نیگەرانن لەوەی سەرەڕای فرەزمانیی تابلۆکان، بەڵام زمانی کوردی کە زمانی دایکییە لە ناوچەکە فەرامۆش کراوە.
سەرەڕای ئەوەی ژیانی ڕۆژانە لە شاری جزیری بۆتان بە شێوەیەکی سەرەکیی بە زمانی کوردییە، بەڵام نەبوونی ئەو زمانە لە سەر تابلۆکانی زانیاریی و هۆشداریی لە شوێنە مێژووییەکاندا بووەتە جێی سەرنج و ڕەخنە.
ئەو شوێنە کلتورییانە کە مێژوویەکی سەدان ساڵەیان هەیە، ڕۆژانە لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان و گەشتیارانەوە بەسەر دەکرێنەوە، کەچی زۆربەی تابلۆکانی ئەم شوێنانە تەنیا بە زمانەکانی تورکی و ئینگلیزی نووسراون و لە هەندێک شوێنیشدا زمانی عەرەبی بۆ زیاد کراوە، بەڵام زمانی کوردی وەک زمانی دایکیی خەڵکەکە، هیچ شوێنێکی تێدا نەکراوەتەوە.
ئەم دۆخە لە شوێنە مێژووییە گرنگەکانی وەک مزگەوتە دێرینەکان، خوێندنگەی سور، گۆڕی مەم و زین و بورجی بەلەک بە ڕوونی دەبینرێت.
پسپۆڕان پێیانوایە نەبوونی زمانی کوردی لەم دەقە زانیارییانەدا ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ پشتگوێخستن و دانپێنەنان بە زمانەکەدا. بە تایبەت نەوەی بەتەمەنی شارەکە کە زۆربەیان تەنها بە زمانی کوردی دەدوێن، لە کاتی سەردانی ئەم شوێنانەدا رووبەڕووی گرفتی تێنەگەیشتن و دەستنەگەیشتن بە زانیارییەکان دەبنەوە.