فیدراسیۆنی دیموکراتیکی عەلەوییەکان و یەکێتیی ژنانی دیموکراتیکی عەلەوی، لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا هۆشدارییاندا لەوەی کە توندوتیژی دژی ژنان و بێسەروشوێنبوونیان لە تورکیا، ڕووداوی جیاواز نین، بەڵکو بەرهەمی سیستمێکی پلان بۆداڕێژراو و بەردەوامن.
هەردوو ڕێکخراوەکە دەڵێن، لەناوبردنی بەڵگەکان، شاردنەوەی ڕاستی و دواخستنی دادپەروەری بوونەتە کارێکی سیستماتیک. وەک نموونەیەکی هەرە زەقیش، ئاماژەیان بە کەیسی گوڵستان دۆکو کردووە، کە شەش ساڵە بێسەروشوێنە و تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە.
ئاماژە بەوەشدەکەن، ناوی چەندین قوربانیی دیکەیان وەک ڕۆژین کابایش، ئایپەک ئەر، ڕابیە ناز ڤاتان، نادیرە کادیرۆڤا و یەلدانا کارامانیان هێناوە، کە کەیسەکانیان بە ناڕوونی ماوەتەوە.
ئەو دوو ڕێکخراوە، بە پشتبەستن بە بیروباوەڕی عەلەویەت، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بێدەنگ نابن و ڕایانگەیاندووە، لە ڕێبازی ئێمەدا بێدەنگی نییە، باوەڕی عەلەوی لە دڵی دێرسیمدا پێمان دەڵێت، هەموو گیانێک یەکسانە، هەموو گیانێک پیرۆزە و ڕاستی زوو بێت یان درەنگ هەر دەردەکەوێت.