کەشتیی بازرگانیی تۆسۆکا کە لە بەحری عومان دەستبەسەر کراوە، گومانی ئەوەی لێ دەکرێت کەرەستەی سەربازیی شاراوەی هەڵگرتبێت؛ لە بەرانبەردا تاران دەڵێت ئەمریکا "دزیی دەریایی" ئەنجام داوە و ستافی کەشتییەکەی بە بارمتە گرتووە.
سەرچاوە ئەمنییە دەریاییەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، کەشتیی بازرگانیی تۆسۆکا کە بە ئاڵای ئێرانەوە لە نزیک بەندەری چابەهار دەستبەسەر کرا، ئەگەری زۆرە هەڵگری ئەو کاڵایانە بێت کە بۆ پیشەسازیی سەربازی و موشەکیی بەکاردێن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، زانیاریی مانگە دەستکردەکان ئاشکرایکردووە، ئەم کەشتییە پێشتر لە بەندەرەکانی چین و مالیزیا کاڵا و کەرەستەی بارکردووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی، تۆسۆکا بەهۆی پێشینەی چالاکیی نایاسایی لە ژێر چاودێریدا بووە و هێزەکانیان خەریکی پشکنینی کاڵاکانن.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە، هێزی دەریایی ئەمریکا مەودای گەمارۆکانی فراوانتر کردووە و ڕایگەیاندووە هەر کەشتییەک گومانی گواستنەوەی چەک یان کاڵای نایاسایی لێ بکرێت، پشکنینی بۆ دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیەنراوێکی تونددا، ئەم هەنگاوەی ئەمریکای بە "دزیی دەریایی" و "کردەوەیەکی تیرۆریستی" ناوبرد.
ئێران ڕایگەیاند، ئەمریکا ستافی کەشتییەکە و خێزانەکانیانی بە بارمتە گرتووە. هۆشداریشیداوە، ئەم کارە پێشێلکردنی ڕاشکاوی ڕێککەوتنی ئاگربەستە و هەموو لێکەوتەکانیشی دەخاتە ئەستۆی واشنتن.