ڕۆژین، هونەرمەندی دیاری باکوری کوردستان، لە ڕێگەی چەند پۆستێکەوە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، وەڵامێکی توندی قسەکانی ڕەحمی کۆچ، بازرگانی ناسراوی تورکیای دایەوە کە ببوونە هۆی سووکایەتیکردن بە ژنانی کورد و داوای لێبووردنی لێدەکات.
ڕۆژین لە نووسینەکەیدا دەڵێت: "بەداخەوە قسەکانی ڕەحمی کۆچ بەرامبەر بە ژنانی کورد، بەتەنها روداوێک نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ئەو جیاکاریی و پەراوێزخستنەیە کە ساڵانێکە بەرامبەر بە ناسنامەی کوردی دەکرێت."
باس لەوەش دەکات، تەنانەت لە زنجیرە دراماکانیشدا، زمانی کوردی زۆربەی کات بە نەزانی، تاوان و کەسایەتیی نەرێنییەوە دەبەسرێتەوە.
لە کاتێکدا ژنانی کورد بە ڕەنج، خەبات و دانایی خۆیان، بەشێکی دانەبڕاوی ئەم کۆمەڵگەیەن و قبووڵ ناکرێت سووکایەتییان پێبکرێت."
ئەو هونەرمەندە دەڵێت: "پێویستە ڕەحمی کۆچ بە ڕوونی داوای لێبووردن لە ژنانی کورد بکات، چونکە ڕێزگرتن مەرجی بنەڕەتیی پێکەوەژیانە و نابێت کەس لەسەر ناسنامەکەی بکرێتە ئامانج."
ڕۆژین بۆ ئەم مەبەستە هاشتاگی (#RahmiKoçÖzürDile) بەکارهێناوە.
له بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڕۆژین وەڵامی ئەوانە دەداتەوە کە دەیانەوێت ئەو لێدوانانە وەک "گاڵتەوگەپ" نیشان بدەن و دەنووسێت: "کاتێک هونەرمەندێکی ناوچەی دەریای ڕەش بە زمانی لازی گۆرانی دەڵێت، وەک دەوڵەمەندیی کولتووری چەپڵەی بۆ لێدەدرێت، بەڵام کورد ساڵانێکە لەسەر زمان و ناسنامەکەی ڕووبەڕووی قەدەغەکاری و سووکایەتی دەبێتەوە.
دەستگرتنی کورد بە ناسنامەکەیەوە زیادەڕۆیی نییە، بەڵکو کاتێک مرۆڤ ناچار دەکرێت بەرگری لە ناسنامەیەک بکات کە نکۆڵی لێدەکرێت، ئەو ناسنامەیە دەبێتە پرسی شەرەف و بوون."