کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنانى میزۆپۆتامیا و کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە-فورات سەبارەت بە 6ـى نیسان ڕۆژی ڕۆژنامەنووسانی تیرۆرکراو ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەڵێن دەدەین لەسەر ڕێگاى ڕۆژنامەنوسانى تیرۆرکراو بەردەوام دەبین.
لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە، ئەمڕۆ ڕۆژێکە بۆ یادکردنەوەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە بەهۆی چالاکییە ڕۆژنامەوانییەکانیان تیرۆرکراون.
باسلەوەشکراوە، بۆیە ئەم رێکەوتە دیاریکراوە، چونکە ڕۆژنامەنووس و نووسەر حەسەن فەهمی بەی، لە ڕۆژی 6ـى نیسانی 1909 لەسەر پردی گەڵاتا تیرۆرکرا، بەمەش بووە یەکێک لە قوربانییە یەکەمەکانی کارى ڕۆژنامەگەری.
ئەوەشخراوەتەڕوو، کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی تورکیا ڕۆژی 6ـی نیسانی بە ڕۆژنامەنووسی شەهید ناساند و ساڵی لە ساڵی 2005 ناوی ئەو مەراسیمە گۆڕدرا بۆ ڕۆژی ڕۆژنامەنووسانی تیرۆرکراو.
ئەوەش هاتووە، ئەمڕۆ یادى هەموو ڕۆژنامەنووسە تیرۆرکراوەکان دەکەینەوە، درێژە بە تێکۆشانیان دەدەین و ناهێڵین قەڵەمی ڕۆژنامەنووسە تیرۆرکاوەکان بکەوێتە سەر زەوی .