ڕاستەوخۆ

ڕۆژاڤا و دیمەشق بەرەو یەکگرتنەوە هەنگاو دەنێن

reset font size increase font size

ئامادەکردنی/ بڕوا ستار

 

پرۆسەی ئاساییکردنەوەی دۆخی سوریا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە، بەڵام سەرەڕای دانوستانەکانی هەسەدە و دیمەشق بۆ یەکگرتنەوە، هێشتا چەندین پرسی چارەنووسساز بە نادیاری ماونەتەوە.

دوای دەیان ساڵ لە پەراوێزخستن، ئێستا لە چەندین شاری سوریا کار بۆ دەرکردنی ناسنامە و جێگیرکردنی مافی هاووڵاتیبوونی یەکسان دەکرێت. لە دوای ڕێککەوتنی "سایکس-پیکۆ" و بەتایبەتی لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لە سەردەمی ڕژێمی بەعس و سیاسەتی پشتێنەی عەرەبی، ناسنامەی کوردی سڕایەوە.

بەگوێرەی ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق، پرسی ناسنامە و مافە دەستوورییەکانی کورد کە 64 ساڵە دواخراوە، جارێکی دیکە هەڵدەسەنگێنرێتەوە.

لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاساییکردنەوەکەدا، تا ئێستا نزیکەی 400 زیندانی ئازاد کراون. بەڵام بەهۆی هێرشەکانی 6ی کانوونی دووەمەوە، هێشتا چارەنووسی ژمارەیەکی زۆر لە شەڕڤانان و هاووڵاتییانی مەدەنی لە زیندانەکانی دێرەزور، ڕەقە و حەلەب نادیارە و خێزانەکانیان داوای ڕوونکردنەوە لە حکومەتی کاتیی دیمەشق دەکەن.

هاوکات، دانوستانەکان پرسی گەڕانەوەی پەنابەرانی ئەوروپا و ئاوارەکانی ناوخۆ، لەگەڵ ئاڵوگۆڕی دیلەکان لەخۆ دەگرێت.

پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان دەستی پێکردووە؛ بەمدوایانە نزیکەی 1000 خێزانی عەفرینی لە قامشلۆوە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان.

یەکێکی دیکە لە خاڵە گرنگەکانی ڕێککەوتنەکە، پاککردنەوەی ڕێگا مینڕێژکراوەکان و کردنەوەی هێڵەکانی هاتوچۆیە. لەم چوارچێوەیەدا، دوای هەشت ساڵ داخستن، ڕێگای سەرەکیی نێوان تەل تەمەر- سەرێکانی کرایەوە و چاوەڕوان دەکرێت بەمزوانە خێزانە کوردەکانی سەرێکانیش بگەڕێنەوە ناوچەکانیان کە لە ساڵی 2019ـەوە داگیر کراوە. 

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە پێشتر ڕایگەیاندبوو، دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەردەوام دەبن و بە شێوەی هاوتەریب لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کار دەکەن.

لە ئێستادا چەندین لیژنەی هاوبەش لە بوارەکانی ڕاگەیاندن، کشتوکاڵ، وزە و تەندروستی پێکهێنراون. بەڵام پرسی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و دامەزراندنە سەربازی و سیاسییەکان هێشتا یەکلا نەکراونەتەوە و حکومەتی کاتیی لە دیمەشقیش تا ئێستا هیچ خشتەیەکی کاتیی فەرمیی بۆ جێبەجێکردنی تەواوەتیی خاڵەکانی ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم ڕانەگەیاندووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.