گوتەبێژى یەکینەکانی پاراستنی ژنان -یەپەژە ڕایگەیاند: هێزەکانمان ڕۆڵێکی گرنگ و مێژووییان لە شۆڕشی ڕۆژئاڤادا هەبووە، ئێستا تێکۆشانێکی فراوانیان بۆ چەسپاندنی پێگەی خۆیان لە دەستووری داهاتووی سوریادا دەستپێکردووە و پێویستە بە فەرمى بناسرێن.
ڕوکسەن محەمەد، گوتەبێژی یەپەژە دەڵێت، ئەم یەکینەیە تەنیا هێزێکی سەربازی نییە، بەڵکو پارێزەری ناسنامە و ئازادیی ژنانە.
گوتیشى، یەپەژە توانی تێڕوانینە باوەکانی کۆمەڵگە بگۆڕێت و بیسەلمێنێت کە ژنان دەتوانن لە کایەی سەربازی و پاراستندا ڕۆڵی سەرەکی بگێڕن.
باسیلەوەشکرد، هەر دەستکەوتێک ژنانی تێدا بن، بەرهەمی ڕەنج و فەلسەفەی ئازادییە و ئێستا ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە کە ئەم میراتە خەباتگێڕییە بکرێتە بەشێکی فەرمی لە سیستەمی بەرگری و سیاسیی سوریا، تا ماف و بوونی ژنان لە هەموو ئاستەکاندا گەرەنتی بکرێت.