لقی شەرناخی کۆمەڵەی مافپەروەران بۆ ئازادی (ÖHD) لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا هۆشداری توند لەبارەی زیادبوونی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە گرتوخانەی شەرناخ لە باکوری کوردستان دەدات،
کۆمەلەکە ڕایدەگەیەنێت، سەرجەم مافە سەرەکییەکانی زیندانیان وەک چارەسەری پزیشکی، خواردنی تەندروست و ئازادیی پەیوەندیکردن، بەهۆی بڕیارەکانی ئیدارەی گرتوخانەکەوە پێشێل دەکرێن.
پارێز سەدات سوڵگەر، ئەندامی بەڕێوبەرایەتیی کۆمەڵەکە ڕایگەیاندووە، لە گرتوخانەکەدا دژایەتیکردنی زمانی کوردی بووەتە سیستماتیک، بە جۆرێک کە ئیدارەی زیندانەکە قەدەغەی قسەکردنی بە زمانی کوردی تەنانەت بەسەر پاسەوانانیشدا سەپاندووە.
هاوکات بۆ پەیوەندیی تەلەفۆنیی زیندانیانیش لەگەڵ کەسوکاریان بە زمانی کوردی، مەرجی پێشکەشکردنی داواکاریی نووسراو دانراوە کە ئەمەش دۆخی زیندانیانی قورستر کردووە.
سوڵگەر ئاشکراشی کردووە کە لە بەشەکانی خۆشۆردنی زیندانیانی ژندا کامێرای چاودێری جێگیرکراون کە ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای ماف و کەرامەتی ژیانی تایبەتیی زیندانیانە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە سەرجەم زیندانیانی نوێ ڕووبەڕووی "پشکنینی ڕووت" دەبنەوە و ئەوانەشی ڕەتی دەکەنەوە دەخرێنە ژووری تاکەکەسی.
جیا لەوەش بەهۆی بەستنی کەلەپچەی توند و سووکایەتیی هێزە ئەمنییەکانەوە، زیندانیان لە مافی چوونە نەخۆشخانە بێبەش دەکرێن و خواردنێکی ناتەندروستیان پێدەدرێت، لە کاتێکدا داواکاری گواستنەوەشیان بۆ هۆڵەکانی دیکە بە تەواوی پشتگوێ دەخرێت.