مەجلیسی سووریای دیموکراتیک (مەسەدە) سەبارەت بە پێشهاتەکانی دوایی لە شاری حەسەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بانگەوازی بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە کرد. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەن، بەتایبەت دوای ئەوەی لە خۆپێشاندانەکانی ڕابردوودا هەندێک وتەی ڕقوکینە هاتنە ئاراوە کە دەکرێت ببنە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا.
مەسەدە جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت سەرجەم پێکهاتەکان، لە کورد، عەرەب، سریانی و ئاشووری، خۆیان لە گوتاری ڕقوکینە و ئاژاوە بەدوور بگرن و ڕێگە نەدەن ناکۆکییەکان ببنە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، هەروەها نابێت هێما نەتەوەیی و ئایینییەکان بۆ مەبەستی ئاژاوەگێڕی و تۆڵەسەندنەوە بەکاربهێنرێن و پێویستە ڕێز لە هێماکانی هەموو کۆمەڵگەیەک بگیرێت.
لای خۆیەوە، مەجلیسەکە داوای لە هێزە ئەمنییەکان کردووە ئەرکی پاراستنی هاووڵاتییان بە جێبگەیەنن و ئەوانەش کە دەستیان لە ئاژاوەگێڕییەکاندا هەیە، بە ڕێگەی یاسایی سزابدەن، چونکە کێشە کۆمەڵایەتییەکان تەنیا لە رێگەی دیالۆگ و ڕێوشوێنی یاساییەوە چارەسەر دەبن. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە "سووریای نوێ دەبێت لەسەر بنەمای دەستەبەرکردنی مافی هەموو هاووڵاتییان و دانپێدانانی ناسنامەیان بنیات بنرێت."
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی حەسەکە کرد و تێیدا هاتووە: "ڕێگە مەدەن ناکۆکییە سیاسییەکان ببنە دوژمنایەتی، ئاژاوەگێڕی ببێتە هۆی شەڕ و ژیانی پێکەوەییتان تێک بدات."