عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە کاتێکدا دەستیان بە ئەرکەکانیان کردووە، قەبارەی قەرزی گشتیی وڵات زیاتر لە 208 ترلیۆن دینار بووە و داوا لە حکومەت کراوە مانگانە 10 ترلیۆن دینار دابین بکات.
سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەت لەبەردەم سێ بژاردەی قورسدا بووە، کە ئەوانیش بریتی بوون لە: هەنگاونان بەرەو پاشەکەوتی مووچە (لێبڕین)، دابەشکردنی مووچە لە ماوەی 45 ڕۆژ جارێکدا، یان پەنابردن بۆ قەرزکردن و نقومکردنی زیاتری وڵات لە قەرزدا.
عەلی زەیدی جەختی لەوەش کردەوە کە وڵات لە بارودۆخێکی سەخت و گەمارۆیەکی ڕانەگەیەندراودا دەژی کە بەهۆی جەنگی ناوچەکە و داخستنی گەروی هورمزەوە دروست بووە، و ئەوان نایانەوێت بە قەرزکردن بارگرانیی ئابووریی زیاتر بخەنە سەر شان.
لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق مژدەی ئەوەی دا کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بڕێکی زۆر دراوی بیانی دەگاتە عێراق و حکومەت دەیخاتە بازاڕەوە بە مەبەستی ڕاگرتنی سەقامگیریی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو.