مەسعود باکاڵ، ڕاهێنەری یانەی ئامەدسپۆر، بەر لە یارییە چارەنووسسازەکەیان بەرامبەر یانەی باندیڕماسپۆر، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی (ئامیدا هابەر) ڕایگەیاند، یانەکەی بۆ گرنگترین ساتەکاندا ئامادەیە.
باکاڵ ئاماژەی بە یاریی پێشووی یانەکەی بەرامبەر (ئومرانییەسپۆر) کرد و خەفەتی خۆی بۆ لەدەستدانی دوو خاڵی گرنگ دەربڕی. ڕاهێنەرەکەی ئامەدسپۆر گوتی: دەبوایە لەبەردەم 35 هەزار هاندەرماندا یارییەکەمان ببردایەتەوە. دوای یارییەکانی بۆڵو و ئێسێنلەر، کەمێک تواناى یانەکەمان دابەزی.
لە ئێستادا یانەکانی (ئەرزەڕۆم، ئامەدسپۆر و ئێرۆکسپۆر) لە لوتکەی خولی پلە یەکدان و کێبڕکێیەکی توند بۆ گەیشتن بە (سوپەر لیگ) دەکەن. هەروەها حەوت یانەی دیکە لە ناوەڕاستی ڕیزبەندییەکەدا شەڕ بۆ گەیشتن بە (پلەی ئۆف) دەکەن.
مەسعود باکاڵ جەختی لەوە کردەوە، نامانەوێت بە نەرێنی بیر بکەینەوە، چونکە هێشتا بە جیاوازیی دوو خاڵ لە پێشەوەین. ئامانجمان ئەوەیە هەر سێ یاریی داهاتوومان ببەینەوە و بە شێوەیەکی ئاسان بگەینە سوپەر لیگ.
بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە یانەی ئامەدسپۆر یەکێک لە گرنگترین یارییەکانی مێژووی خۆی ئەنجام بدات، کە ئەنجامەکەی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر خەونی گەیشتن بە خولی نایابی تورکیا دەبێت.