ڕاستەوخۆ

چیرۆکی ئێرانییەکانی سەر سنوور

reset font size increase font size

ئا؛رێژنە

دوای 11 ڕۆژ شەڕ و هێرشی بەردەوامی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئێرانییەکان لە دەروازەیەکی شاخاویی نێوان ئێران و ڕۆژهەڵاتی تورکیا، بە تێکەڵەیەک لە ترس ماندوێتیەوە هەنگاو دەنێنە ئەودیوی سنورەکە.

جێهێشتنی وڵاتەکەیان ڕاز و نیازێکی زۆری لە پشتە، هەندێکیان دەڵێن، بەهۆی ئەوەی بۆمب لە شارەکانیان دەکەوێتە خوارەوە هەڵاتوون، هەندێکی دیکەشیان دوای لەدەستدانی پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ کەسە نزیکەکانیان بڕیاریانداوە بڕۆن.

 ژمارەیەکی دیکەشیان، ئەو گەشتیارانەن پێش هێرشەکان بۆ سەردانی کەسوکاریان هاتونەتەوە بۆ ئێران و بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانەوە گیریان خواردووە و دەیانەوێت هەرچۆنێک بێت خۆیان بگەیەنە نزیکترین فڕۆکەخانەی دەوروبەر.

زۆربەیان تەنها جانتایەکی بچوک و مۆبایلێک بەبێ سیمکارتی ناوخۆیی تورکیایان بەدەستەوەیە.

دوای گەشتنیان،  پرسیار دەکەن چۆن بگەنە شاری وان، کە دوو کاتژمێر لە سنورەکەوە دوورە، هەندێک لەو ڕۆژنامەنوسانەی بۆ ڕوماڵی کۆچی گەشتیارەکان لەوێن، مۆبایلەکانیان دەدەنە خەڵکەکە تاوەکو بتوانن پەیوەندی بە خێزانەکانیانەوە بکەن و له‌ سەلامەتیان دڵنیایان بکەنەوە.

گەشتیارەکان، هەریەکە و هۆکارێکی جیاوازی هەیە بۆ جێهێشتنی ئێران، ترس لە مردن، نەمانی کار، نەخۆشیی، یان جێهێشتنی ژیانێک کە بەهۆی ململانێیەوە وەستاوە.

ئیبراهیم عیدی، 61 ساڵ ‘خەڵک چاوەڕوانن’

ئیبراهیم عیدی، پیاوێكی ئێرانی تەمەن 61 ساڵه‌، لەکاتی هێرشەکەدا بە سەردان لە تاران بووە، دەڵێت، زۆرێک لە ئێرانییەکان چاوەڕێی ئەوەن بزانن ئایا ئایندەی وڵاتەکەمان بەرەوکوێ دەچێت؟ چاوەڕێی ئەوەن شتێک ڕووبدات و ژیانیان بگۆڕێت.

عیدی، 34 ساڵ لەمەوبەر ئێرانی بەرەو هۆڵەندا جێهێشت، بە نزیکەیی ساڵانە جارێک دەگەڕێتەوە ئێران، بەڵام دەڵێت، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئەمجارەیان جیاواز بووە.

ئاماژە بەوەش دەکات، زۆر کەس مانەوەیان لە ئێران هەڵبژاردووە، چونکە هێشتا ئومێدیان بەو وڵاتە ماوە. "ئەوەی بینیم، "خەڵک لەئەمریکا ناترسن، بەداخەوە لە حکومەتی خۆیان دەترسن!"

لەیلا، 45 ساڵ "ڕەنگە پێکەوە بمرین"

لەیلای تەمەن 45 ساڵ، ژنێکی ئێرانی دانیشتووی تورکیایە بە ئاڕاستەی پێچەوانەی گەشتیارەکانی دیکەوە، بەرەو ئێران دەگەڕایەوە.

دوای ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ خێزانەکەی لە شیراز لەدەستدا، لەیلا بڕیاریدا لە ئیستەنبوڵەوە بگەڕێتەوە.

دەڵێت، "چۆن ئاسودە دەبم، لەکاتێکدا خێزانەکەم لەناوموشەکدا دەژین؟ لەیلا، کە بەنیازە تا کۆتایی شەڕەکە لە ئێران بمێنێتەوە، وتی"ڕاستە ناتوانم خێزانەکەم لە بۆمبەکان بپارێزم، بەڵام کاتێک لە تەنیشتیاندابم هیچ نەبێ دەزانم ڕەنگە پێکەوە بمرین، یان لە ژیاندا بمێنینەوە."

حەمید محەمەدزادە، تەمەن 35 ساڵ "لەناکاو بۆمباران دەستیپێکرد"

حەمید محەممەدزادە، پیاوێکی تەمەنی 35 ساڵی ئێرانە، ماوەیەکی کەم بەر لە دەستپێکردنی شەڕ لە ژاپۆنەوە گەڕابووەوە بۆ ئێران.

چەند ساڵێک بوو حەمید لە تۆکیۆی ژاپۆن، سەرقاڵی بونیادنانی ژیانێکی نوێ بوو، لە کۆمپانیایەکی هاوردە و هەناردەکردندا کاریدەکرد، بەسەردانێکی چەند ڕۆژە گەڕابوه‌وە بۆ ئێران، ژنەکەی و دوو منداڵەکەی لە ژاپۆن مابوونەوە.

دەڵێت، "ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی شەڕەکە من لە تاران بووم. لەپڕ بۆمب لە دوای بۆمب بەسەرماندا دەکەوتنەخوارەوە، شەڕ دەستیپێکرد، ئێمەش ڕامانکرد بۆ تورکیا".

هاوسەر و کوڕ و کچەکەی حەمید، بە پەرۆشەوە چاوەڕێی گەڕانەوەی باوکیان دەکەن.

حەمیدیش، بەوپەڕی خەمباریەوە لە سنورەکانی نێوان وڵاتەکەی و تورکیا دانیشتووە، داوای یارمەتی لە دەسەڵاتدارانی ژاپۆن دەکات بۆگەڕانەوەی، دەڵێت، "لە ژاپۆن کارمکردووە، باجەکانم داوە و یاساکانم جێبەجێکردووە، تێناگەم بۆچی ئێستا یارمەتیم نادەن؟!."

مەحەمەد فەوزی، 46 ساڵ "ناتوانم بمێنمەوە چونکە ئێستا دۆخەکە مەترسیدارە"

محەممەد فەوزی تەمەن 46 ساڵ، کرێکارێکارێکی میسرییە، ماوەی سێ مانگ بوو، لە کارگەیەکی مەڕمەڕی ئێرانی کاریدەکرد.

بەخۆی و کەل و پەلەکانییەوە، لە سنوری تورکیا وەستاوە و چاوڕێی هاورێ میسریەکەی دەکات لە ئەنقەرەوە بێت بەشوێنیدا، دەڵێت،"من بۆ کار هاتم بۆ ئێران، بەس ئێستا دۆخەکە زۆرسەختە و کارکردن وەستاوە، ناتوانم چی دیکە کاربکەم و بمێنمەوە، چونکە دۆخەکە مەترسیدارە، بۆیە دەمەوێت بچمەوه‌ ماڵ و وڵاتی خۆم".

جەلیلە جەباری، تەمەن 63 ساڵ "ئەگەر بارودۆخ هێوربێتەوە، دەگەڕێمەوە"

جەلیلە جەباری، ژنێکی تەمەن 63 ساڵی ئێرانییە، بەهۆی ئەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لە تاران هەڵاتووە و بەرگەی ئەو دۆخەی نەگرتووە.

ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ڕێگاکانی هاتن بۆ سنورئارام بوون، بەڵام تاران "وێرانە".

دەڵێت، "ئەگە شتەکان باش بوون؛ ئەگەر ئێران باش بوو، ئاشتی بەرقەراربوو، دەگەڕێمەوە".

شایلین تەمەن 9 ساڵ و سێلین تەمەن 11 ساڵ ‘زۆر دڵخۆشم’

دوو خوشکی ئێرانی، بە ناوەکانی شایلین تەمەن 9 ساڵ و سێلین تەمەن 11 ساڵ، لەگەڵ دایکیان دەپەڕنەوە بۆ تورکیا، ئەوان کە چەند کاتژمێرێکە لە تارانەوە بەرەو سنوور بەڕێگاوەن، بەو هیوایەن لە کۆتاییدا بگەنە لەندەن.

شایلین وتی، ""زۆر دڵخۆشم کە ڕزگارمان بوو."

یاسنا تەمەن 63 ساڵ "هیچ ناڵێم..!"

یاسنای تەمەن 63 ساڵ، لەگەڵ هاوسەرەکەی و یەکێک لە کچەکانی، لە ئێرانەوە پەڕیونەتەوە و دیوی سنورەکە.

دەڵێ، "پێیم باشترە هیچ لێدوانێک لەسەر بارودۆخی سیاسی ئێران نەدەم، چونکە دوای شەڕه‌کە دەگەڕێینەوە بۆ ئێران".

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.