بڕیاره سبه‌ینێ چوارشه‌ممه، لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كۆببنه‌وه و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كاندیدی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق تاوتوێ ده‌كه‌ن.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، 14ـی نیسانی 2026، ڕۆژنامه‌ی سه‌باح بڵاویكردووه‌ته‌وه، بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی و دیاریكردنی كاندیدێكی هاوبه‌ش، كه له لایه‌ن هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه په‌سه‌نكراوبێت، سبه‌ینێ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كۆده‌بێته‌وه.
فەهد جبوری، ئەندامی "ڕەوتی حیکمە" بە ڕۆژنامەكه‌ی ڕاگەیاندووه، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، له‌سه‌ر كاندیدێكی هاوبه‌ش بۆ سه‌رۆكوه‌زیران ڕێكده‌كه‌ون و ڕایده‌گه‌یه‌نن.
گوتوشیه‌تی، له کۆبوونەوەکەی سبه‌ینێدا، باس لە ناوە پێشنیازکراوەکان دەکرێت، لەگەڵ پەسەندکردنی کاندیدێک، کە پشتیوانیی سیاسی به‌رفراوانی هه‌بێت.
دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆمار، هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق 15 ڕۆژیان له‌به‌رده‌مدایه بۆ ئه‌وه‌ی كاندیدی پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران یه‌كلاییبكه‌نه‌وه.