کۆشکى سپی و تاران نزیکبوونەوە لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنێکی نوێ و کۆتاییهێنان بە جەنگ ڕادەگەیەنن.
میدیا ئێرانی و نێودەوڵەتییەکان دەقی ڕەشنووسی ڕێکەوتنە شازدە خاڵەکەی نێوان ئێرانیان و ئەمریکایان بڵاوکردووەتەوە کە کایەی سیاسیی ناوچەکەی هەژاندووە.
لەکاتێکدا دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا باس لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنێکی نزیک دەکات، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە هێشتا لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێران لەسەر تەواوی بڕگەکانی دەقەکە نەگەیشتوونەتە کۆدەنگیی کۆتایی.
هاوکات ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی ئاشکرای کردووە کە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەهۆی دوورخستنەوەی لە زانیارییەکانی ئەم دانوستانە، تووشی شۆک بووە.
تێڕوانینی فەرمیی ئێران (ئێرنا و مێهر)
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئێرنا) ڕایگەیاندووە کە تەواوی "هێڵە سوورەکان"ی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای نوێی ئێران لە دەقەکەدا جێگیر کراون.
گرنگترین بڕگەکانی ڕەشنووسەکە بەپێی میدیا ئێرانییەکان:
کۆتاییهێنان بە جەنگ: ڕاگرتنی جەنگ لە "تەواوی بەرەکانی ناوچەکە" لە نێوانیاندا بەرەی لوبنان.
برنامەی ئەتۆمی: ئاماژەیەکی سەرپێی بە دۆسیەی ئەتۆمی کراوە و هیچ پابەندییەک لەسەر ئێران جێگیر نەکراوە؛ دانوستانی ئەتۆمی دەخرێتە مۆڵەتی 60 ڕۆژی دوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکە.
گەرووی هورمز: ئاساییبوونەوەی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە؛ بەڵام تاران هیچ بەڵێنێک بۆ گەڕاندنەوەی بەڕێوەبردنی گەرووەکە بۆ پێش سەردەمی جەنگ نادات و تەنیا لەگەڵ عوماندا لەمبارەیەوە گفتوگۆ دەکات.
پارە بلۆککراوەکان: پرۆسەیەکی ڕوون هەیە بۆ ئازادکردنی بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران بە شێوەی دەستبەجێ و پاشماوەکەشی لە ماوەی 60 ڕۆژی دانوستانەکاندا.
قەرەبووی جەنگ و کشانەوەی ئەمریکا: ئاژانسی (مێهر) دەڵێت ئەمریکا پابەند دەبێت بە کشانەوەی هێزەکانی لە دەوروبەری ئێران، هەڵگرتنی گەمارۆکانی نەوت و پترۆکیمیایی، و پێشکەشکردنی پلانێک بە بەهای لانی کەم 300 ملیار دۆلار لەلایەن واشنتن و هاوپەیمانانیەوە بۆ بنیاتنانەوەی ئێران.
تێڕوانینی ئەمریکی و نێودەوڵەتی (ئەکسیۆس)
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری چەند دیپلۆماتکارێکی وڵاتانی نێوەندگیر و بەرپرسانی ئەمریکییەوە ئاشکرای کردووە کە ڕێککەوتنە سەرەتاییەکە دوای کاتژمێرێک لە دانوستانی چڕی نێوان "عەلی ئەلزوادی" نێوەندگیری قەتەری و "عەباس عێراقچی" وەزیری دەرەوەی ئێران بەدەستهاتووە، کە تێیدا نێوەندگیرە قەتەرییەکە بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ "جیراد کۆشنەر" و "ستیڤ ویتکۆف" نوێنەرانی باڵای ترامپ.
جیاوازییە سەرەکییەکانی گێڕانەوەی ئەمریکی بۆ ڕێککەوتنەکە:
درێژکردنەوەی ئاگربرست: درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی 60 ڕۆژ کە لوبنانیش بگرێتەوە.
مەرجی توندی گەرووی هورمز: کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز "بەبێ وەرگرتنی هیچ جۆرە باج و سەرانەیەک" لەلایەن ئێرانەوە، و گەڕانەوەی هاتوچۆی کەشتیوانی بۆ ئاستی پێش جەنگ لە ماوەی 30 ڕۆژدا.
بەڵێنی ئەتۆمی: ئێران بە فەرمی پابەند دەبێت بەوەی کە "هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەستنەهێنێت" و کێشەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم چارەسەر بکات.
ئەکسیۆس ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەڕای ئەوەی ترەمپ ڕایگەیاندووە کە وەڵامی ڕێبەری ئێران بۆ ڕێککەوتنەکە ئەرێنی بووە، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن هێشتا موجتەبا خامنەیی بە فەرمی دەقی ڕێککەوتنەکەی پەسند نەکردووە.