جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەکان، کە بە "چوارشەممەی سور" ناسراوە و وەک پیرۆزترین بۆنەی ئایینی و کلتووریی ئەو پێکهاتەیە دادەنرێت.
ئەمساڵ لە دۆخێکی هەستیار و نائاساییدا بەڕێوەدەچێت، چونکە بەهۆی ئاڵۆزییە سیاسییەکان و مەترسییەکانی جەنگ لە نێوان ئێران و ئەمریکا لە ناوچەکەدا، ئەنجومەنی ڕوحانیی ئێزدییەکان بڕیاریدا سەرجەم مەراسیمە فەرمییەکان و کۆبوونەوە جەماوەرییەکان لە پەرستگای لالش هەڵوەشێنێتەوە.
ئەم جەژنە کە هەمیشە لە سێیەم چوارشەممەی مانگی نیسان وەک هێمای نوێبوونەوەی سروشت و هاتنی فریشتە "مەلەک تاووس" بۆ سەر زەوی بە شایی و هەڵپەڕکێ و داگیرساندنی 365 چرا پیرۆز دەکرا، ئەمساڵ ڕەنگێکی غەمگینی پۆشیوە و تەنها لەناو ماڵەکاندا بە شێوەیەکی سادە و بە نزای ئاشتی بەڕێدەکرێت، چونکە ترس لە تێکچوونی دۆخی ئەمنی و پاراستنی گیانی هاوڵاتیان لە پێشینەی کارەکاندایە.
ئێزیدییەکان کە بڕوایان وایە لەم ڕۆژەدا گەردوون ڕێکخراوە و زەوی بە گوڵاڵەسوورە ڕازاوەتەوە، هێلکەی ڕەنگاوڕەنگ وەک هێمای خڕی و جوانیی گەردوون ئامادە دەکەن، بەڵام ئەمساڵ جەنگ، نەهامەتییەکانی خۆیانی بە بیرهێناونەتەوەو خەیاڵی زۆربەیان لای ئەو ئاوارانەیە کە هێشتا لە کەمپەکاندا دەژین و لای ئەو کچ و ژنانەی کە داعش ساڵی 2014 ڕفاندنی و تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.
لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم ڕۆژەی کردووەتە پشووی فەرمی، بێدەنگیی پەرستگای لالش لەم جەژنەدا پەیامێکی ڕوونە بۆ جیهان کە ناسەقامگیریی سیاسی چۆن دەتوانێت ڕەسەنترین جەژنە کلتوورییەکانی ناوچەکە سست بکات و شادیی میهرەجانی چوارشەممەی سور بگۆڕێت بۆ نزا و پاڕانەوەی بێدەنگ بۆ دوورکەوتنەوەی دووکەڵی جەنگ لە ئاسمانی کوردستان و ناوچەکە.



