بڕیارە سبەی دووشەممە، پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکانی کابینەی عەلی زەیدی بدات و کابینەکە تەواو بکرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ژمارەی وەزارەتەکان زیاد کراون و ئەوە ڕەخنەی لێکەوتووەتەوە.
دوای کشانەوەی هێزە بیانییەکان، عێراق لە بەردەم قۆناغێکی نوێ و پڕ لە ئاڵنگاریی سیاسی، دارایی و ئەمنیدایە. سەرچاوە سیاسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لێکتێگەیشتن لەنێوان لایەنەکان دروستبووە و ناوی کاندیدەکان بۆ پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکان گەیەندراونەتە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران، و بە ئەگەرێکی زۆرەوە سبەی دووشەممە پرسەکە یەکلا دەکرێتەوە.
ڕەخنەگران ڕەخنە لەوە دەگرن کە لە کاتێکدا وڵات بە قەیرانێکی سەختی دارایی و کورتهێنانی بودجەدا تێدەپەڕێت، سەرۆکوەزیران بۆ ڕازیلردنی گروپە چەکدارەکان و ئەنقەرە، سێ وەزارەتی نوێی زیاد کردوون؛ کە بریتین لە: وەزارەتی ژیریی دەستکرد (بۆ محەمەد دەراجی لە کتائیبی ئیمام عەلی)، وەزارەتی گەشتوگوزار کە لە وەرزش و لاوان جیا کراوەتەوە (بۆ عەلی دخێل لە کتائیبی سەیدوڵشوهەدا)، و وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە (بۆ محەمەد سەمعان لە بەرەی تورکمانی).
تا ئێستا ژمارەیەک لە گروپە چەکدارەکان چەکیان داناوە و چوونەتە ژێر ڕکێفی دەوڵەتەوە، لەوانەش سەرایا سەلام، عەسائب، ئیمام عەلی، سەیدوڵشوهەدا و ئەنساروڵڵا ئەوفیا، بەڵام هێشتا چەند گروپێکی وەک نوجەبا، کەتیبەکانی حزبوڵڵا، سەرایا ئەولیای دەم و ئەسحابوڵکەهف ماون چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن.
سەبارەت بە پشکی لایەنە سیاسییەکان بۆ وەزارەت و پۆستەکان:
پارتی دیموکراتی کوردستان: بەنگین ڕێکانی بۆ جێگری سەرۆکوەزیران و ڕێباز حەملان بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشەجێکردن کاندید کردوون.
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا: یاسر سەخێل بۆ وەزارەتی ناوخۆ و حەیدەر بەهباش بۆ خوێندنی باڵا.
عەسایبی ئەهلی حەق: محەمەد موسەوی بۆ وەزارەتی کار.
ڕەوتی عەمار حکیم: سەفا کینانی بۆ وەزارەتی وەرزش و لاوان، لەگەڵ لەیس خەزعەلی و موحسین مەندەلاوی بۆ جێگرانی سەرۆکوەزیران.
لایەنە سوننەکان: محەمەد تەمیم (تەقەدوم) بۆ جێگری سەرۆکوەزیران، عەلی ئەعرەجی (حەسم) بۆ وەزارەتی بەرگری، عەلی نەعێمی (عەزم) بۆ پلاندانان، و زەید عەلی بۆ ڕۆشنبیری.
سەبارەت بە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانیش کە پشکی مەسیحییەکانە، هێشتا ناکۆکی لەسەر کاندیدەکەی هارد و هەوڵ بۆ گەیشتن بە کۆدەنگی دەدرێت. چاودێران هۆشداری دەدەن کە گەڕانەوە بۆ سیستمی پشکپشکێنە و دابەشکاریی پۆستەکان لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی خەڵک، لەم دۆخە داراییە سەختەدا، ڕەنگە ناڕەزایەتیی توندی جەماوەریی بەدوای خۆیدا بهێنێت.