پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، بڕیارنامەیەکی نوێی بۆ یەکخستنی پێناسەی دەستدرێژیی سێکسی پەسەند کرد.
بەگوێرەی بڕیارەکانی یەکێتییەکە، هەر جۆرە پەیوەندییەکی سێکسی بەبێ ڕەزامەندیی "ئارەزوومەندانە، ئازادانە و بێ دوو دڵی" ئەنجام بدرێت، بە دەستدرێژی هەژمار دەکرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، بێدەنگی یان نەبوونی بەرگریی جەستەی بە واتای ڕەزامەندی نایەت، هەروەها هاوسەرگیریی و پەیوەندیی پێشوو نابنە پاساو بۆ ئەنجامدانی سێکس بەبێ ویستی لایەنی بەرانبەر.
پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، داوا دەکات مۆدێلی "بەڵێ واتە بەڵێ" لە تەواوی یەکێتییەکەدا پەیڕەو بکرێت بۆ ئەوەی باری قورسی سەلماندنی تاوان لەسەر شانی قوربانییەکان سوک بکرێت.
ئامارەکان نیشانی دەدەن کە ٥٪ـی ژنانی ئەوروپا ڕووبەڕووی دەستدرێژیی بوونەتەوە، بۆیە ئەم هەنگاوە وەک وەرچەرخانێکی یاسایی گرنگ بۆ پاراستنی مافی ژنان دەبینرێت.