تورکیا و ئەرمینیا هەوڵەکانیان بۆ نۆژەنکردنەوە و کاراکردنەوەی هێڵی ئاسنی قەرس – گیومری چڕکردووەتەوە، کە ماوەی 33 ساڵە بەهۆی ئاڵۆزییە سیاسییەکانەوە داخراوە.
لەو بارەیەوە، تورکیا و ئەرمینیا لە کۆبوونەوەیەکدا لە قەرس، ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی گرووپێکی کاری هاوبەش بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییە ژێرخانییەکانی هێڵەکە.
باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە ئەنقەرە و یەریڤان، ئەم هەنگاوەیان وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتدا ناوبرد.
ئەم پڕۆسەیە کە لە ساڵی 2021ـەوە دەستی پێکردووە، ئامانجی بوژاندنەوەی ئابووریی ناوچەکە و ئاساییکردنەوەی تەواوی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانە نێوان هەردوو وڵاتە.