بڕیاری دوورخستنەوەی پەرستار "ئیکرا ئاڤجی" لە کارەکەی بۆ ماوەی دوو مانگی دیکە درێژکرایەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی ناوبراو بە پرچ کردن بەشداریی لە کەمپینێکی هاوسۆزیی کچە شەرڤانێکی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) کردبوو.
کەمپینە ناڕەزایەتییەکە دوای ئەوە لە سۆشیاڵ میدیا دەستیپێکرد، کە چەکدارێکی دەستەی تەحریری شام (HTŞ) لە رۆژاوای کوردستان پرچی کچە شەرڤانێکی بەدیلگیراوی YPJی بڕی، ئەوەش شەپۆلێکی بەربڵاوی سەرکۆنەکردن و ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێنا.
پەرستار ئیکرا ئاڤجی بە نیشاندانی هاوسۆزی و چنین یان بەستنی پرچی بەو شێوازە، لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە سزای دوورخستنەوەی کاتی لە سەرکارەکەی بەسەردا سەپێندرا.
ئیکرا ئاڤجی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، درێژکردنەوەی ماوەی سزاکەی پشتڕاستکردەوە و نووسیویەتی: "بۆ ماوەی دوو مانگی دیکەش لە پۆست و ئەرکەکەم دوورخرامەوە."