وەزیری جەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەهۆی بوونی ئاگربەست، وادەی یاساییی 60 ڕۆژە بۆ ئاگادارکردنەوەی کۆنگرێس ڕاگیراوە و پێویستیان بە مۆڵەتی نوێ نییە.
پیت هێگست، وەزیری جەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئیدارەی وڵاتەکەی پێیوایە بۆ بەردەوامبوونی جەنگ لەگەڵ ئێران پێویستی بە وەرگرتنی مۆڵەت لە کۆنگرێس نییە.
هێگست ئەمڕۆ ئەم قسانەی لە میانی دانیشتنێکی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارییەکانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکادا کرد.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی ئاگربەستی ئێستاوە، وادە یاسایییەکە ڕاگیراوە.
لە بەرانبەریشدا، سیناتۆر تیم کەین، نوێنەری دیموکراتەکان تێڕوانینەکەی وەزیری جەنگی ڕەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە، کۆتاییهاتنی وادەی 60 ڕۆژەکە دەبێتە پرسێکی یاساییی زۆر گرنگ بۆ حکومەت.
بە گویرەی یاسای دەسەڵاتەکانی جەنگ لە ئەمریکا، سەرۆکی ئەو وڵاتە تەنها 60 ڕۆژ مۆڵەتی هەیە کۆنگرێس لە بەکارهێنانی هێزی سەربازیی ئاگادار بکاتەوە و دوای ئەو وادەیە دەبێت یان ئۆپراسیۆنەکان ڕابگرێت یان مۆڵەتی فەرمیی بۆ درێژکردنەوەیان وەربگرێت.
جێگەی ئاماژەیە، وادەی 60 ڕۆژەی ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ جەنگ لەگەڵ ئێران، ڕۆژی هەینی کۆتایی دێت.