هاوکات لەگەڵ دانوستانەکانیان لەگەڵ ئێران، وەزارەتی دارایی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەگەری سەپاندنی سزایەکی نوێتر بەسەر ئێراندا نزیکە.
سکۆت بۆنسنت، وەزیری دارایی ئەمریکا دوێنێ سزایەکی نوێی بەسەر 30 فەرماندەی باڵای حکومەت و کۆمەڵێک کەشتی و ڕێکخراوی سەر بە حکومەتی ئێراندا سەپاند.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی ئەمریکا، سزاکان بەشێک لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران، دوو فەرماندەی باڵای هێزە ئاسمانییەکان، کۆمەڵێک تۆڕی موشەکی و لۆجستیی ئێرانی، هەروەها ئەو کۆمپانیا تورکی و ئیماراتییانەی بەرپرسن لە هەناردەکردنی یەدەکی ئۆتۆمبێل بۆ ناوخاکی ئێران لەخۆدەگرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا کار لەسەر ئەوە دەکات کۆمەڵێک سزای نوێتر بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.
ئەم سزا نوێیانەی وەزارەتی دارایی ئەمریکا لەکاتێکدایە، کە ئەمڕۆ گەڕی سێیەمی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران-ئەمریکا لە جنێڤ بەڕێوەدەچێت.