بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، تۆمەتبارێکی مەترسیداری دزیکردن کە زیاتر لە 80 سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمارکرابوو دەستگیرکرا.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، تیمەکانمان تۆمەتبارێکی مەترسیداریان دەستگیرکرد، کە زیاتر لە 100 بتڵی غازی ماڵانی لە گەڕەکە جیاوازەکانی هەولێر دزیبوو، هەروەها زیاتر لە 80 سکاڵاشی لەسەر تۆمارکرابوو.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، تۆمەتبارەکە، لە بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی هەولێر ڕاگیرابوو، ''17 پوولی دۆمینە''ـی قوت دابوو بۆ ئەوەی بهێندرێتە پێش دادوەری لێکۆڵینەوە و تاوانەکەی لەسەر سوکتر بکرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە.