بەگوێرەی ئاژانسی هاوار، لە 11ـى نیسانی ئەمساڵەوە پڕۆسەی ئاڵۆگۆڕکردن و گەڕانەوەی ئاوارەکانی ڕۆژاڤای کوردستان بۆ سەر زێدی خۆیان وەستاوەو دۆسیەی ئاوەرەکان و دیلەکان بووە بە دۆسییەکی ئیداری و سیاسی.
ئاژانسی هەواڵی هاوار بڵاویکردەوە، لە 11ـى نیسانی ئەمساڵەوە پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەو ئازادکردنی دیلەکانی "هەسەدە" لەلایەن حکومەتی کاتیی سوریا وەستێنراوە، ئەمەش لەکاتێکدایە بڕیاربوو هەفتەی ڕابردوو گرووپێکی دیکە لە دیلەکان ئازاد بکرێن.
دەشڵێت، تا ئێستا 500-600 دیلی هەسەدە لەژێر دەستی حکومەتی کاتیی سوریا ماونەتەوە و هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین بەهۆی مامەڵەکردن لەگەڵ پڕۆسەکە وەک دۆسییەیەکی ئیداری و سیاسی بۆ سەر زێدی خۆیان وەستێنراوە.
هەر دۆینێ سیپان حەمۆ یاریدەدەری وەزیری بەرگری سوریا ئاشکرایکرد، دۆسییەی گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئازادکردنی دیلەکان پەیوەندی بە وەزارەتی ناوخۆ و لیژنەی ئەنتەگراسیۆن "یەکگرتن"ـەوە هەیە و گوتیشی، گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئازادکردنی دیلەکان خاوەن گرنگییەکی زۆرەو کاری لەپێشینەیانە.