نووسینگەی سەرەکیی پرۆژەی ڕووناکی ڕایگەیاند، تەنها هەشت ڕۆژی دیکە لە وادەی داشکاندنی قەرزی کۆنی کارەبا ماوە، دوا بە دوای ئەوەش دانەوەی قەرزەکان ڕاستەوخۆ بە ئۆتۆماتیکی دەبەسترێتەوە بە پرۆژەکەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی پرۆژەی ڕووناکی، داشکاندنی قەرزی کۆنی کارەبا کە لە 24ی ئەیلولەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو کاتژمێر 12:00ی شەوی 18ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت، بڕی 50% داشکاندن بۆ هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵ و 25% بۆ پیشەوەران و پیشەسازیی بچووک دەگرێتەوە.
نووسینگەی سەرەکیی پرۆژەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی حکومەت سوودمەندبوونی زۆرترین هاوبەشە لەم ئاسانکارییە داراییە. باسی لەوەش کرد، دوای تەواوبوونی وادەکە لە 19ی تشرینی یەکەمدا، سەرجەم ئەو هاوبەشانەی قەرزی کۆنیان لەسەر ماوە، پێویستە لە ماوەی 50 ڕۆژدا پارەی پرۆژەی ڕووناکی و قەرزە کۆنەکەیان پێکەوە بدەنەوە، بەپێچەوانەوە ئۆتۆماتیکی کارەباکەیان دەکوژێنرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ماوەی گەڕاندنەوەی قەرزە کۆنەکان دیاریکراوە؛ بۆ هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵ تاوەکو 24 مانگە (بە کەمترین قیستی مانگانەی 20 هەزار دینار)، بۆ بازرگانیی بچووک 12 مانگە (بە قیستی مانگانەی 20 هەزار دینار)، و بۆ بازرگانی و پیشەسازیی گەورەش ماوەی شەش مانگ دیاریکراوە کە قیستی مانگانەیان لە 200 هەزار دینار کەمتر نابێت.
تائێستا لە کۆی دوو ملیۆن هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە یەک ملیۆن و 250 هەزار هاوبەش هیچ قەرزێکی کۆنی کارەبایان لەسەر نەماوە، بەپێی ئامارەکانیش لە هەردوو قۆناغی داشکاندندا نزیکەی 550 ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی گەڕێندراوەتەوە.