پاشای ئوردن جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە لە ئەگەری هەر لێکتێگەیشتنێکی نێوان تاران و واشنتن، گەرەنتییەکی ڕوون بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و وڵاتانی کەنداو هەبێت.
مەلیک عەبدوڵای دووەم، پاشای ئوردن دوای چاوپێکەوتنێکی فەرمیی لەگەڵ جەراح جابر ئەحمەد، وەزیری دەرەوەی کوەیت ڕایگەیاند، هەردوولا پێداگرییان لە سەر بەردەوامیی هاوکارییەکانی نێوانیان و هەوڵەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە کردووە.
پاشای ئوردن گوتی، هەردوو وڵات جەختیان لەوەکردووەتەوە، لە ئەگەری ئەنجامدانی هەرجۆرە ڕێککەوتنێکی نێوان ئێران و ئەمریکا پێویستە گەرەنتیی پاراستنی ئاسایشی وڵاتانی کەنداو بکرێت.
ئەو هەوڵەی کوەیت و ئوردن لە کاتێکدایە، دوو هەفتە لەمەوبەر یەکەم گەڕی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بە بێئەنجام کۆتاییهات و لە ئێستاشدا هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەنجامدانی گەڕێکی نوێی دانوستان.