هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە هەڵمەتێکی نوێدا ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆیان لە شاری ئیزمیر دەستبەسەر کرد، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ ڕووداوەکانی ناو کەمپی زانکۆ کە چەند مانگێک لەمەوبەر ڕوویاندابوو.
ئەم هەڵمەتی دەستگیرکردنە دوای ئەوە دێت، نزیکەی حەوت مانگ لەمەوبەر لە ناو کەمپی زانکۆی دۆکوز ئەیلول لە ئیزمیر، خوێندکاران ڕێگرییان لە کۆمەڵەیەکی نەتەوەپەرست کردبوو، ویستبوویان لە ناو زانکۆدا بانگەشە بۆ بیری نەتەوەپەرستی بکەن.
لە ئێستادا سەرجەم دەستگیرکراوەکان بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای ئیزمیر کراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە.
لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە، ئەو خوێندکارانە بە تۆمەتەکانی "هاندانی ڕق و کینە، دوژمنایەتی لەناو گەل، ڕێگریکردن لە خوێندن و بێبەشکردنی خەڵک لە ئازادییەکان" دەستگیرکراون.