لە پێشهاتێکی مەیدانی نوێدا لە پارێزگای تەعز، چەکدارانی حووسی دەستیان بەسەر ماڵی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەمەن و سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا لە باشووری پارێزگاکەدا گرت.
سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایانگەیاند، بەیانی ئینڕۆ دووشەممە، چەکدارانی حوسی دەستیان بەسەر ماڵی ڕەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەمەندا لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای تەعز گرتووە، ئەوەش دوای ڕۆژێک لە دەستبەسەرداگرتنی ماڵی سولتانی بەڕکانی، سەرۆکی پەرلەمانی یەمەن لە هەمان ناوچەدا.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوە میدیا ناوخۆیەکانی ئەو وڵاتە، هێزەکانی حوسی کە چوووبوونە ناو شاری "توربە"ی پایتەختی ناوچەی حوجریە، دەسەڵاتی خۆیان بۆ شارۆچکەی"مەواست" و ناوچەی "ئەعلوم" فراوانتر کردووە و بەبێ هیچ بەرگرییەک چووبوونە ناو ماڵی عەلیمی کە کەسوکاری تێیدا نیشتەجێ بوون.
ئەم پێشهاتە نوێیە دوای کشانەوەی هێزە حکومییەکان هات بۆ پشت شاری توربە و کۆنترۆڵکردنی ناوچەی "سافیە" لەلایەن حوسییەکانەوە، کە کۆنترۆڵی ئەو ڕێگەیە دەکات کە ناوەندی پارێزگاکە بە ناحیەکانی حوجریەوە دەبەستێتەوە.
گرتنی ئەم شارۆچکانە و ماڵی بەرپرسان لە کاتێکدایە کە ڕەشاد عەلیمی ڕۆژی یەکشەممە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی بۆ ئازادکردنی بەشێک لە خاکی یەمەن لە دەستی حوسییەکان ڕاگەیاندبوو.